وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەحمەد نەجم و بژار دەباغ دەردەکات
بە واژۆی وەزیری ناوخۆ، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی بۆردی کەناڵ8 و پێشکەشکارێکی دەرچوو، تۆمەتەکەش خراپ بەکارهێنانی مۆبایلە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ڕۆژی 7/5/2026 بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە ئەحمەد نەجم (سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی کەناڵ8) و بژار دەباغ (پێشکەشکاری کەناڵەکە) دەرکراوە. ئەم فەرمانە کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لەسەر ئاستی میدیایی و سیاسی لێکەوتووەتەوە.
تۆمەت و یاسا
لە نووسراوەکەدا کە ژمارەی 13175ی پێدراوە و ئاراستەی گشت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کراوە، هاتووە کە "ئەحمەد نەجمەدین ئیبراهیم تاڵەبانی" و "بژار عەلی ئەنوەر ئەفراسیاب دەباغ" بەپێی ماددەی 2ی یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایل دەستگیربکرێن. هەروەها داوا کراوە دوای دەستگیرکردنیان لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر ئامادە بکرێن.
فەرمانەکە دەگاتە هەموو پارێزگاکان
دوای دەرچوونی ئەم نووسراوەی وەزیری ناوخۆ، لە ڕۆژی 18-5-2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی فەرمی دیکەی بە واژۆی لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم، ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، و هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی زاخۆ، ڕاپەڕین، گەرمیان، سۆران و ئاکرێ کردووە. لەم نووسراوەدا داوای جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنەکە کراوە، بەمەش فەرمانەکە گشتگیر دەبێت و لە سەرانسەری هەرێمدا کاری پێدەکرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا