لە سلێمانی کاروباری بەشی مۆڵەتی شۆفێری ئاسایی دەبێتەوە

ژوان نیزام 2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا کێشەی تەکنیکی بەشی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، هاتوچۆى سلێمانییش دەڵێت، لە سبەیەوە دەست بە وەرگرتنی مامەڵەی هاونیشتمانییان دەکەنەوە.

کێشەی تەکنیکی لە سێرڤەرەکان بەردەوامە

عەقید سۆران سادق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا کێشەی تەکنیکی لە سێرڤەرەکانی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکراوە.

هاونیشتمانییان ئاگادار دەکرێنەوە

گوتیشى، لەکاتى چاکبوونەوەى سێرڤەرەکانى بەشى مۆڵەت، هاونیشتمانییان ئاگادار دەکەنەوە، مامەڵەکانیان وەردەگیرێت.

لە بەڕێوەبەرایەتی سلێمانی کێشەی سێرڤەر نییە

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگاى سلێمانی ڕایگەیاند، کێشەى سێرڤەریان نییە و سبەی دووشەممە 22ـی حوزەیران، هەموو کاروبارەکانی بەشی مۆڵەت بە ئاسایی بەرێوەدەچن و مامەڵەی شۆفێران وەردەگرن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی کێشەی تەکنیکی، ڕۆژی یەکشەممە 21ـی حوزەیرانی 2026 هیچ مامەڵەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە بەشی مۆڵەت لە هەرێمی کوردستان وەرناگیرێت.

ژوان نیزام

2 کاتژمێر پێش ئێستا