قالیباف: هیچ بەهایەک بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا دانانێین

ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران. فۆتۆ: AP
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران. فۆتۆ: AP

قالیباف وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ دەداتەوە و دەڵێت، بەها بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا دانانێن و دوژمن لەوپەڕی بێ هیواییدایە و هێزەکانیان لەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیدان.

وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ترەمپ

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران لە ئێکس وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە، کە هەڕەشەی لە ئێران کردبوو، لە بەرامبەر داخستنی گەرووی هوورمزدا و دەڵێت، هیچ بەهایەک بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا دانانێن، باشترە وریای لێدوانەکانیان بن.

ئامادەباشی بۆ وەڵامدانەوە

قالیباف ئەوەشی نووسیوە، واباشترە ئەمریکییەکان وریابن لە لێدوانەکانیان، چونکە هێزەکانیان ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەیان بەهەر ڕێگەیەک بێت.

"کردارمان زیاتر دەبێت"

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسلەوە دەکات، "هەرچەند ئەمریکییەکان قسەکانیان زیاتر بکەن، ئەوان زیاتر جوڵە دەکەن و جێبەجێی دەکەن لەسەر زەوی".

هەڕەشەکانی ئەمڕۆی ترەمپ لە ئێران

ئەمڕۆ لەکاتێکدا شاندی دانوستانکاری تاران و واشنتن لە سویسرا لە کۆبوونەوەدا بوون، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەگەر ئێران گەرووی هوورمز دابخات، دانوستانکارەکانیان ناتوانن بگەڕێنەوە و ئێران وێران دەکات.

ئەم لێدوانەی قالیباف پاش دوو کاتژمێر لە تەواوبوونی خولی یەکەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە سویسرا دێت، کە قالیباف سەرۆکایەتیی شاندی ئێران و جەی دی ڤانس سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکایان کرد.

ئارام یوسف

2 کاتژمێر پێش ئێستا