نەتانیاهوو: لە باشووری لوبنان دەمێنینەوە
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە مەراسیمێکی یادکردنەوەی پەنجایەمین ساڵیادی کۆچی براکەی، یۆنی نەتانیاهوو لەبارەی دۆخی لوبنان و وەستاندنی شەڕ لەگەڵ حیزبوڵا گوتی کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی ئەمنی باشووری لوبنان دەمێننەوە بۆ پاراستنی دانیشتوانی باکووری ئیسرائیل تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بکات.
ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
هەروەها ناوبراو بەڵێنی ئەوەیدا کە هەرگیز ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، لەکاتێکدا ئەمڕۆ گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان هەردوو شاندی ئێران و ئەمریکا لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەچوون.
مەرجی سەرەکی ئێران لە دانوستانەکان
گوتەکانی نەتانیاهوو لەکاتێکدایە مەرجی سەرەکی ئێران بۆ بەردەوامی دانوستانەکان، ڕاگرتنی شەڕە لە لوبنان.
لە باشووری لوبنان دەمێننەوە
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا لەوبارەیەوە گوتی "ئێمە دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێناوە، وازیان لێ ناهێنین، لە ناوچەی ئەمنی باشووری لوبنان دەمێنینەوە تا ئەو کاتەی پێویست بێت بۆ پاراستنی خەڵکی باکوور، کە بەلامانەوە ئازیزن و هاووڵاتیانی دەوڵەت بە گشتی. وەکو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، من بە توندی جەخت لەوە دەکەمەوە و هیچ شتێک ئەوە ناگۆڕێت، سەبارەت بە ئێران، پەرەسەندنە سیاسییەکان هەرچۆنێک بن، ڕێگە نادەم ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، تاوەکو من سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بم، ئەوە ڕوونادات."
2 کاتژمێر پێش ئێستا