بۆردی راگەیاندنی یەکێتی: بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆ حزبی و نایاساییە و ئازادیی میدیا سنوردار دەکات

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئەحمەد نەجم سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی کەناڵ8 و بژار دەباغ (پێشکەشکاری کەناڵ8
ئەحمەد نەجم سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی کەناڵ8 و بژار دەباغ (پێشکەشکاری کەناڵ8

یەکێتی ناڕەزایەتی دەردەبڕێت دژی فەرمانی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەر و میدیاکارێکی کەناڵ8، بە پێشێلکردنی یاسای ڕۆژنامەوانی و هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان لە قەڵەم دەدات.

بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نیگەرانی و شۆکی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە فەرمانەکەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستگیرکردنی بەڕێوەبەر و میدیاکارێکی دیاری کەناڵ8. یەکێتی ئەم بڕیارە بە حزبی و نایاسایی وەسف دەکات و بە پێشێلکردنی ئازادیی میدیایی دەزانێت.

پێشێلکردنی یاسای ڕۆژنامەوانی و ڕێنماییەکانی سەندیکا


بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بڕیارە پێچەوانەی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی کاری ڕۆژنامەوانیی هەرێمی کوردستانە، هەروەها دژی ڕێنماییەکانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە کە بەپێیان، ڕۆژنامەنووس بەبێ نوێنەری سەندیکا نابێت تەنانەت بانگێشتی بەردەم یاساش بکرێت، نەک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکرێت.

هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان


یەکێتی ئەم جۆرە بڕیارانە بە ڕێکارێکی نوێ دەزانێت بۆ بێدەنگکردنی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لەسەر کەیسەکانی گەندەڵی و کەموکوڕییەکان هەواڵ و ڕاپۆرت و زانیاری بڵاودەکەنەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەولێر و لە تەنیشت وەزیری ناوخۆوە، هەندێک کەناڵ بە بەردەوامی سەرقاڵی چەواشەکاری و هێرش و پەلاماری ناڕەوا و ناو زڕاندنی سلێمانی و دەوروبەرن.

بڕیارێکی حزبی نەک حکومی


بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارەی وەزیری ناوخۆ بازدانە بەسەر یاسا و ڕێساکانی ڕۆژنامەوانی لە کوردستان و دادگا و وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، و زیاتر بڕیارێکی حزبییە نەک حکومی.

داواکاری بۆ سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکان


لە کۆتاییدا، بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی داوا لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات لەسەر ئەم پێشێلکارییە بێنە دەنگ و لە ڕێگەی خەباتی یاسایی و مەدەنییەوە ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەم جۆرە بڕیارانە بکەن.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا