گوتەبێژى حکومەتى عێراق: گرەنتی تەواو دراوەتە کۆمپانیا نەوتییەکان
حەیدەر عەبودى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ سەرلەنوێ کارکردنەوەیان بەڵێنى پێدانی گرەنتی تەواوی پێداون.
دۆسیەکە پەیوەستە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە
گوتەبێژى حکومەتى عێراق لەمیانەى کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەوانى کە پەیامنێرى کەناڵ8 لە بەغداد ئامادەى بوو ئاماژەى بەوە کرد، سەرلەنوێ کارکردنەوەى کۆمپانیا نەوتییەکان داهاتى حکومەتى ناوەند زیاد دەکات و ئەو دۆسێیەش پەیوەستە بە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانەوە.
کارکردنەوەیان لە بەرژەوەندی گەلی عێراق و گەلی کوردە
جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە، کە کارکردنەوەى کۆمپانیا نەوتییەکان لە بەرژەوەندیى گەلى عێراق بەگشتى و گەلى کوردە بە تایبەتی.
گرەنتی تەواوی کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان
گوتەبێژى حکومەتى عێراق لەو بارەیەوە گوتی " لەبارەى گفتوگۆکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان، سەرۆکوەزیرانى عێراق پێشوازیى لە نوێنەرانى کۆمپانیا نەوتییەکان کردووە و جەختى لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە حکومەتى عێراق تەواوى گرەنتییەکان بۆ سەرلەنوێ کارکردنەوەى ئەو کۆمپانیایانە دابین دەکات بەتایبەتى لە هەرێمى کوردستان.
کارکردنەوەى کۆمپانیا نەوتییەکان دەبێتە هۆى زیادکردنى داهاتى حکومەتى ناوەند چونکە ئەم دۆسیەیە پەیوەستە بە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانەوە و سەرجەم داهاتەکانى ئەم دۆسیەیە لە کۆتایدا لە بەرژەوەندى گەلى عێراق بە گشتى و بەتایبەتى لە بەرژەوەندیى گەلى کوردمانە لە هەرێمى کوردستان".
2 کاتژمێر پێش ئێستا