ئەمیندارى حیزبوڵا: بوونى ناوچەى ئەمنیى ئیسرائیل لەناو لوبناندا ڕەتدەکەینەوە

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەعیم قاسم، ئەمیندارى گشتیى حیزبوڵاى لوبنان
نەعیم قاسم، ئەمیندارى گشتیى حیزبوڵاى لوبنان

نەعیم قاسم، ئەمیندارى گشتیی حیزبوڵاى لوبنان، بوونى ناوچەى ئەمنیى ئیسرائیل لەناو خاکى لوبنان ڕەتدەکاتەوە، دەشڵێت، ئاگربەست واتا ڕاگرتنى هەموو جۆرە دوژمنکارییەکى ئاسمانى و زەمینى و دەریایی.

دوژمنکارییەکان دژی ئێران شکستیان هێناوە

ئەمیندارى حیزبوڵا، لە پەیامێکى تەلەفزیۆنیدا ئاماژەى بەوەکرد، پڕۆژەى کۆتاییهێنان بە ئێران و حیزبوڵا و مقاوەمە لە ناوچەکەدا شکستى هێناوە، دوژمنکارییەکانیش دژى لوبنان شکستیان هێناوە و ئامانجەکانیان نەپێکاوە.

پابەندبوون بە ئاگربەستەکانەوە

نەعیم قاسم، ڕاشیگەیاند، ئەوان پابەندى سەرجەم ئاگربەستەکان بوون، بەڵام ئیسرائیل پابەندنەبووە، جەختیشیکردەوە، شتێک نییە بەناوى ئاگربەست، لەکاتێکدا ئیسرائیل ئازادانە بجوڵێتەوە.

بەگوتەى ئەمیندارى حیزبوڵا، ئاگربەست واتاى ڕاگرتنى تەواوى دوژمنکارییە ئاسمانى و زەمینی و دەریاییەکانە.

نەبوونی هیچ ناوچەیەکی ئەمنی بۆ ئیسرائیل لە لوبنان

هەروەها لە وەڵامى بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل کە گوتبووى، هێزەکانیان تاوەکو پێویست بکات لە لوبنان دەمێننەوە ئەمیندارى حیزبوڵا ڕایگەیاند، مانەوە لەسەر خاکى لوبنان ئەستەمە، هیچ ناوچەیەکى ئەمنى بۆ ئیسرائیل بوونى نییە و هیچ ناوچەیەکیش لەناو خاکى لوبناندا نییە سوپاى ئیسرائیلى سەرپەرشتى بکات، وەک ئەمیندارى حیزبوڵا گوتى، ئیسرائیل دەستدرێژیکارە و دەبێت خاکى لوبنان جێبهێڵێت.

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا