لە گەرمای 50 پلەدا؛ کارەبا لە گەرمیان کەمیکرد و پڕۆژەی ڕووناکیش پەکی کەوت

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
قەڵای شێروانە لە کەلار.
قەڵای شێروانە لە کەلار.

لەگەڵ هەڵکشانی پلەکانی گەرما بۆ 50 پلەی سەدی، دۆخی کارەبای نیشتمانی لە گەرمیان بەرەو خراپی دەچێت و پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێریش ڕاگیرا.

پشکی کارەبای گەرمیان و گرفتەکانی جێگیربوون

حازم کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ڕایگەیاند، پشکی دیاریکراوی ئیدارەی گەرمیان 110 مێگاوات کارەبایە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی فراوانبوونی پڕۆژەی ڕووناکی، ئەم ڕێژەیە وەک خۆی نەماوەتەوە و جێگیر نییە، بەو هۆیەوە ناوبەناو بڕی کارەباکە کەم دەبێتەوە.

کاریگەریی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گشتی لە هەرێم

بەڕێوەبەری کارەبای گەرمیان ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کەمیکردووە. ئەم کەمبوونەوەیە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پشکی گەرمیان هەبووە و لە ئێستادا ئەو 110 مێگاواتە تەواوەی بۆ ناوچەکە تەرخانکرابوو، ڕادەستناکرێت.

دواخستنی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ کاتێکی نادیار

سەبارەت بە دەستپێکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، بڕیار وابوو ڕۆژی 6ـی حوزەیران پڕۆژەی ڕووناکی لە گەرمیان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. حازم کەریم دەڵێت، بەهۆی کێشەکانی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر و کەمبوونەوەی ئاستی گشتیی کارەبا، ئاگادارکراونەتەوە کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

دۆخی گەرمیان لەنێوان گەرما و بێکارەباییدا

ئەم کەمبوونەوەیەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی و دواخستنی پڕۆژە نوێیەکان لە کاتێکدایە، پلەکانی گەرما لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە و گەیشتوونەتە 50 پلەی سەدی، ئەمەش بارگرانی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووە.

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا