زانیاریی کەناڵ8؛ لە مانگی ئاب دا پڕۆژەی ڕووناکی دەگاتە سەیدسادق

ژوان نیزام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
شارۆچکەی سەیدسادق
شارۆچکەی سەیدسادق

شارۆچکەی سەیدسادق ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنی کارەبای 24 کاتژمێری تەواو دەکات و لە مانگی ئابی ئەمساڵدا پڕۆژەی ڕووناکی دەیانگرێتەوە.

وادەی دەستپێکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەیدسادق

بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیار وایە لە 1ـی ئابی 2026 پڕۆژەی ڕووناکی و کارەبای 24 کاتژمێری بگاتە شارۆچکەی سەیدسادق. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بڕیاربوو لە 1ـی تەمموزدا کارەبای ئەو شارۆچکەیە بکرێتە 24 کاتژمێری، بەڵام بۆ مانگی داهاتوو دواکەوتووە.

ئامادەکارییە تەکنیکییەکان و سیستەمی پارەدان

ڕەزا محەممەد، قایمقامی سەیدسادق ڕایگەیاند، هەرچەندە تاوەکو ئێستا پڕۆژەی ڕووناکی بە فەرمی دەستیپێنەکردووە، بەڵام تەواوی ڕێکارە تەکنیکییەکانی پڕۆژەکە لە شارۆچکەکە کۆتاییان هاتووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا هاونیشتمانییان دەتوانن لە ڕێگەی سیستەمی "ئی- پسوڵە"وە پارەی کارەبا بدەن.

ڕاگەیاندنی کاتی جێبەجێکردن

قایمقامی سەیدسادق جەختی کردەوە کە هەر کاتێک وادەی کۆتایی و دیاریکراوی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دیاریبکرێت، پێشوەختە بە فەرمی بۆ هاونیشتمانییانی سنوورەکە ڕایدەگەیەنن.

پلانی گشتیی پڕۆژەی ڕووناکی لە هەرێمی کوردستان

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە کە پێشتر سەرۆکوەزیران ڕایگەیاندبوو تاوەکو تەمموزی 2026 پڕۆژەی ڕووناکی دەگاتە سەرجەم شار و شارۆچکەکان، هەرچەندە تاوەکو ئێستا بەشێک لە ناوچەکان چاوەڕێی گەیشتنی پڕۆژەکەن.

ژوان نیزام

2 کاتژمێر پێش ئێستا