لە ژوورە داخراوەکانی سویسرا چی گوزەرا؟ شەڕی لوبنان و گەرووی هورمز لە مێزی دانوستاندا
دوای 18 کاتژمێر لە دانوستانی ماراسۆنی لەنێوان واشنتن و تاران لە سویسرا، هەردوولا گەیشتنە نەخشەڕێگەیەکی 60 ڕۆژە بۆ چارەسەری کێشە ئەتۆمییەکان و هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی لوبنان.
وردەکاریی گفتوگۆکان لەنێو ژوورە داخراوەکاندا
کۆبوونەوەکانی سویسرا کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکرد، لەلایەن دیپلۆماتکارانەوە بە "سەخت بەڵام باش" وەسف کراون. سەرەڕای ئەوەی میدیاکانی ئێران باسیان لە کشانەوەی شاندەکەیان دەکرد، بەڵام سەرچاوە ئەمریکییەکان جەخت دەکەنەوە کە شاندی ئێران نەکشاونەتەوە و بە درێژایی ڕۆژەکە لە گفتوگۆ بەردەوام بوون.
هەڕەشەکانی ترەمپ و کاردانەوەی تاران
لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکاندا، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە چەند هەڕەشەیەکی لە ئێران کرد، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی شاندی ئێرانی. نوێنەرانی تاران ڕایانگەیاند کە ئەم هەڵوێستەی ترەمپ پێشێلکردنی خاڵی یەکەمی لێکتێگەیشتنەکەیە، کە جەخت دەکاتەوە نابێت لە کاتی دانوستاندا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز بکرێت.
پرسی شەڕی لوبنان و ئاسایشی گەرووی هوورمز
یەکێک لە کێشە هەرە گەورە و گرژەکانی نێو کۆبوونەوەکە، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بوو لە لوبنان. هاوکات، شاندی ئەمریکا بە ڕوونی بە ئێرانییەکانی ڕاگەیاندووە کە دەبێت گەرووی هوورمز بە تەواوی بەڕووی کەشتیوانیی جیهانیدا کراوە بێت، لەو بارەیەشەوە پێشکەوتنی باش بۆ پاراستنی سەلامەتیی کەشتییە بازرگانییەکان بەدەستهاتووە.
نەخشەڕێگەی 60 ڕۆژە و پێکهێنانی لیژنەی باڵا
هەردوولا ڕێککەوتوون لە ماوەی 60 ڕۆژدا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی. بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی باڵای سیاسی و چەند گرووپێکی تەکنیکی بۆ گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و سزاکان دروستکراون. هەروەها بڕیار دراوە "شانەیەکی هێورکردنەوە" بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان و هێڵێکی پەیوەندیی خێرا بۆ گەرووی هوورمز دابمەزرێت.
عەباس عێراقچی: پێشکەوتنی گەورە لە پرسی لوبناندا هەیە
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، نێوەندگیرەکان پێشکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان. عێراقچی ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمریکا ڕێگەی داوە ئێران نەوت بفرۆشێت و بەشێک لە پارە سڕکراوەکانی ئازاد کراوە، هەرچەندە واشنتن تاوەکو ئێستا بە فەرمی ئەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. تیمە تەکنیکییەکان تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە لە سویسرا دەمێننەوە بۆ ڕێکخستنی وردەکارییەکان.
3 کاتژمێر پێش ئێستا