عێراقچی: پێشکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە و بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانمان ئازادکراون
دوای دانوستانە چڕەکانی سویسرا، تاران و واشنتن لەسەر نەخشەڕێگەیەکی 60 ڕۆژە بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی ڕێککەوتن و گەمارۆکانی سەر هەناردەی نەوتی ئێرانیش لادران.
لادانی گەمارۆکانی سەر نەوت و ئازادکردنی داراییەکان
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا گۆڕانکاریی گرنگی بەخۆیەوە بینیوە. ئاشکرای کرد کە لە ئەنجامی گفتوگۆکاندا، هەناردەی نەوت و پێترۆکیمیاوی ئێران لە سزاکان بەدەرکراون و گەمارۆ ئابوورییەکان لادراون. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازادکراون و پلانێکی گەورە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە دەستپێدەکات.
هێورکردنەوەی بارودۆخی لوبنان و ئاسایشی گەرووی هوورمز
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، نێوەندگیرییەکانی قەتەر و پاکستان پێشوەچوونی گەورەیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان بەدەستهێناوە. جەختی لەوەش کردەوە کە پێکهێنانی شانەیەکی تایبەت بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە لوبنان، تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە. هاوکات هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر جێگیرکردنی میکانیزمێک بۆ دابینکردنی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هوورمز.
نەخشەڕێگەی 60 ڕۆژە بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی هاوبەشی قەتەر و پاکستان کە سەرپەرشتی دانوستانەکانی "بۆرگنشتۆک"یان لە سویسرا کردووە، لایەنەکان لەسەر نەخشەڕێگەیەک ڕێککەوتوون تاوەکو لە ماوەی 60 ڕۆژدا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی. بۆ ئەم مەبەستە بڕیار دراوە لیژنەیەکی باڵا بۆ سەرپەرشتی سیاسی و چەند گرووپێکی کاری بۆ دۆسیەی ئەتۆمی، سزاکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دەستبەکاربن.
کردنەوەی کەناڵی پەیوەندی و بەردەوامیی کارە تەکنیکییەکان
لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکاندا، بڕیار دراوە کەناڵێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بۆ ڕێگری لە هەر تێگەیشتنێکی هەڵە یان ڕووداوێکی نەخوازراو لە ناوچەکە بکرێتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە گەڕی یەکەمی دانوستانە باڵاکان کۆتایی هاتووە، بەڵام تیمە تەکنیکییەکان لە سویسرا دەمێننەوە بۆ تەواوکردنی وردەکارییەکانی پەیوەست بە پابەندییەکانی لایەنی بەرامبەر.
3 کاتژمێر پێش ئێستا