د.تاڤان فاتیح: هەموو کیسێکی هێلکەدان پێویست بە چارەسەری ئەنجامدانی نەشتەرگەری ناکات!
کیسی هێلکەدان تورەکەیەکی پڕ لە شلەیە، لەناو یان لەسەر ڕووی هێلکەدان دروست دەبێت، زۆربەی خانمان لە ماوەی ژیانیاندا لانی کەم جارێک تووشی گرفتی بوونی کیسی هێلکەدان دەبن، بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەن.
نیشانەکانی بوونی گرفتی کیسی هێلکەدان چین ؟
زۆرجار کیسەکانی هێلکەدان بچووکن و هیچ نیشانەیەکیان نییە، بەڵام ئەگەر گەورە بن، ڕەنگە ئەم نیشانانە دروست بکەن:
- ئازارێکی زۆر لە بەشی خوارەوەی سک
- هەستکردن بە قورسی و ئاوسانی بەردەوامی سک
- تێکچوونی کاتی سووڕی مانگانە
- ئازار لە کاتی ئەنجامدانی کاروچالاکیی تووند
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
ئەگەر ئەم نیشانانەت هەبوو پێویستە بە پەلە پشکنین بکەیت:
- ئازارێکی لەناکاو و زۆر تووند
- ئازارەکە تا و ڕشانەوەی لەگەڵدا بێت
- هەناسەتووندی و سەرگێژخواردنی لەناکاو
چارەسەری کیسی هێلکەدان چییە؟
پێویست ناکات هەموو کیسێکی هێلکەدان بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری چارەسەر بکرێن! جۆری چارەسەری کیسی هێلکەدان بەپێی جۆر و قەبارەی کیسەکە دەگۆڕێت:
1.چاودێری : زۆربەی کیسەکانی هێلکەدان دوای چەند مانگێک خۆیان نامێنێت، بۆیە تەنیا پێوسیتیان بە چاودێرییە
2.چارەسەر بە دەرمان: بۆ ڕێکخستنەوەی ئاستی هۆرمۆنەکان و ڕێگری لە دروستبوونی کیسی نوێی هێلکەدان
3.ئەنجامدانی نەشتەرگەری: تەنیا ئەگەر کیسەکە زۆر گەورە بێت یان مەترسیی تەقینی هەبێت
د. تاڤان فاتیح مەعروف
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون
2 کاتژمێر پێش ئێستا