محەممەد سەڵاح بووە گۆڵکاری مێژوویی میسڕ لە مۆندیال

مەبەست عەدنان 3 کاتژمێر پێش ئێستا

محەممەد سەڵاح دووەم گۆڵی میسڕی بەرامبەر نیوزلەندا تۆمارکرد، بەوەش بۆ یەکەمجار لە کاروانی وەرزشی خۆیدا لە ڕکابەرییەکانی جامی جیهانیدا تیپەکەی پێشخست، هاوکات سەڵاح بووە گۆڵکاری مێژوویی میسر لە مۆندیالدا.

لە یاریگای بی سی بلیس لە ڤانکۆڤەر، دوای پاسێکی پاژنەپێی مستەفا زیکۆ، سەڵاح گۆڵی دووەمی میسڕی تۆمارکرد ، خاوەنی گۆڵی یەکسانبوون، سەڵاح بە لێدانێکی ورد لە خولەکی 68 تۆپەکەی خستە نێو تۆڕەکەوە.

گۆڵەکەی سەڵاح بووە هەشتەم گۆڵی میسڕ لە مێژووی مۆندیالدا، دوای ئەوەی تیپەکە دوو گۆڵی لە وەشانی 1934ی ئیتاڵیا و گۆڵێکی لە وەشانی 1990 و دوو گۆڵی لە 2018 تۆمارکردبوو، جگە لە سێ گۆڵ تا ئێستا لە وەشانی 2026دا.

هەروەها سەڵاح گۆڵی سێیەمی خۆی لە جامی جیهانیدا تۆمارکرد، بەوەش پێشەنگی گۆڵکارانی میسڕە لە مۆندیالەکاندا، لە دوای ئەویش عەبدولڕەحمان فەوزی دێت، کە دوو گۆڵی بۆ میسڕ بەرامبەر هەنگاریا لە مۆندیالی 1934 تۆمارکردبوو، هەریەک لە مەجدی عەبدولغەنی و ئیمام عاشوور و مستەفا زیکۆش گۆڵێکیان تۆمارکردووە.

سەڵاح دوو گۆڵی لە مۆندیالی 2018ی ڕووسیا بەرامبەر وڵاتی خانەخوێ و سعودیە تۆمارکردبوو، لەو پاڵەوانێتییەدا میسڕ تێیدا لە قۆناغی کۆمەڵەکان کرایە دەرەوە.

مەبەست عەدنان

3 کاتژمێر پێش ئێستا