ڕاگەیێنراوێک لە سەنتەری میترۆوە لەبارەی فەرمانی دەستگیرکردنی ئەحمەد نەجم و بژار دەباغ
سەنتەری میترۆ لە ڕاگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 10 کەیسی بڵاوکردنەوەی پێگەیشتووە، کە بە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی مامەڵەیان لەگەڵ کراوە نەک یاسای ڕۆژنامەگەری. میترۆ ئاماژە بەوە دەکات فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی کەناڵ8 و ڕۆژنامەنووسێکی کەناڵەکە دەرچووە و جەخت دەکاتەوە، کە پەرەسەندنی ئەم داوا یاساییانە بەهۆی ململانێی سیاسیی نێوان یەکێتی و پارتی، سەروەریی یاسا و ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
سەروەریی یاسا دەخاتە ژێر پرسیار
ئەو داوا یاساییانەی کە ڕەهەندی سیاسییان پێوە دیارە پەرەدەستێنن و ملکەچی ململانێی سیاسیی نێوان یەکێتی و پارتی دەکرێن، بەمەش، نەک تەنها ئازادیی کاری ڕۆژنامەگەری، بەڵکو سەروەریی یاساش دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
ئاماری کەیسەکانی بڵاوکردنەوە لە سەنتەری میترۆ
سەبارەت بە ژمارەی پێشێلکارییەکان سەنتەری میترۆ، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە 10 کەیسی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی پێگەیشتووە، کە هەریەکەیان دەبوو بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت نەک یاسایەکی تر، بەڵام، پەنابراوە بۆ یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008 "یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن"، کە سزاکەی لە شەش مانگەوە تا پێنج ساڵ بەندکردنی تێدایە.
یاساکە و بەکارهێنانی دژ بە ڕەخنەگران
ئەم یاسایە ئەوەی تێپەڕاندووە کە تایبەتمەند بێت بە کێشەی کۆمەڵایەتی کە ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت دروستی دەکەن. بەڵکو، دەستەواژەی وەک، (بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو، تۆمەت هەڵبەستن لە ڕێی ئینتەرنێتەوە) لە یاساکەدا بۆ مەبەستی جیاواز بەکاردەهێنرێت، بە تایبەتیش دژ بە ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسان.
فەرمانی دەستگیرکردنی سەرۆکی بۆردی کەناڵ8
نوێترینیان، فەرمانی دەستگیرکردنە بۆ سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی کەناڵ8، ئەحمەد نەجم، و ڕۆژنامەنووس بژار دەباغ، کە وەزیری ناوخۆ لە 7ی ئایاری 2026، واژۆی کردووە، بەهۆی شەڕی میدیا بەهەمان پاساو زەمینە ڕەخساوە یەکێتی دژی میدیاکارانی پارتی داوای یاسایی تۆمار بکات.
هەوڵە سیاسییەکان بۆ ڕاگرتنی بڕیارەکە
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەکان، میترۆ زانیویەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، داوای لە وەزیری ناوخۆ کردووە کە بڕیاری دەستگیرکردنەکە دەرنەکات و ڕەچاوی بارودۆخەکە بکات تا ئامادەبوونی داواکراوان لەبەردەم دادگا، بەڵام دوای ئەم داوایە وەزیر فەرمانەکەی دەرکردووە.
ناوەڕۆکی نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ
لە نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا، بە ژمارەی 13175، داوا لە گشت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کراوە کە داواکراوان دەستگیربکرێن و لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر ئامادە بکرێن.
کاریگەریی دابەشبوونی سیاسی
سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە زۆنە جیاوازەکاندا سەنتەری میترۆ دڵنیایە هیچ بنکەیەکی پۆلیسی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری داواکەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم جێبەجێناکەن و بەهۆی دابەشبوونی سیاسی، بە وەزیری خۆیانی نازانن، ئەمە بۆ فەرمانەکانی سلێمانیش ڕاستە.
ڕۆڵی میدیای حزبی
پارتی و یەکێتی بەشێکی زۆری میدیایان بۆ شەڕی سیاسی دامەزراندووە، بۆ شەڕی شکاندنی ڕکابەرەکان، بۆ شەڕی تۆخکردنی زۆنچێتی و کۆنەقین، شەڕی شێواندنی ڕاستی و تێکشکاندنی ڕۆحی پێکەوەیی، هاوکات کەشێکی گوتارییان ڕەخساند کە پرۆسەی سیاسی تێیدا زەرەرمەند بێت.
هەڵوێستی میترۆ بەرامبەر بە پاشەکشەی ئازادییەکان
سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر دۆخی گشتی پەرەسەندنی ئەو داوا یاساییانەی کە ڕەهەندی سیاسییان پێوە دیارە و ملکەچکردنی یاسا بۆ ململانێی سیاسیی نێوان یەکێتی و پارتی، نەک ئازادیی کاری ڕۆژنامەگەری، سەروەریی یاساش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئێمە ڕەتیدەکەینەوە.
بێنرخکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان
سەبارەت بە لێکەوتەکانی پەنابردن بۆ یاساکانی دەرەوەی کاری ڕاگەیاندن پەنابردن بۆ یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008 "یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن"، لە کەیسەکانی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بێ نرخکردنی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 "یاسای ڕۆژنامەگەری"یە لە کوردستان و پێویستمان بەکاری هەرەوەزی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی.
3 کاتژمێر پێش ئێستا