لە سلێمانى و هەولێر بەهاى 100 دۆلار 157 هەزار دیناری تێپەڕاند

ئارا ئیبراهیم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆلارى ئەمریکى لە یەکێک لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8
دۆلارى ئەمریکى لە یەکێک لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان دابەزینی نوێی تۆمار کرد و نرخی 100 دۆلار گەیشتە 157 هەزار و 250 دینار. گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر و مامەڵەکارانی سلێمانی هۆکاری ئەم ناسەقامگیرییە بۆ دەنگۆی گۆڕینی بەهای دراوەکە، ناجێگیریی دۆخی دارایی و پرسی گۆڕانکاریی لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی دەگەڕێننەوە.

دۆخی ئێستای بازاڕی دراو

لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزینی تۆمار کردووە، 100 دۆلار بەرامبەر157 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دینار لە هەولێر

کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزیوە و هۆکارەکەشی بۆ ناجێگیریی دۆخی دارایی عێراق دەگەڕێتەوە کە حکومەتی نوێ ڕێوشوێنی تووندی نەگرتووەتەبەر بۆ پاڵپشتی لە دراوەکەی.

دەنگۆی گۆڕینی بەهای دراو لە عێراق

سەبارەت بە کاریگەریی دەنگۆکان لەسەر بازاڕەکە ئەوەشی خستەڕوو، دەنگۆی گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە عێراق هەیە، ئەوەش خواستی لەسەر کڕینی دۆلار زیاد کردووە.

جیاوازیی نرخی فرۆشتنی کۆ و تاک

سەبارەت بە نرخی فرۆشتنی کۆ و تاک لە بازاڕەکەدا گوتیشی، لە هەولێر بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 157 هەزار دینارە بە کۆ، بەڵام ئەگەر کەسێک 10 هەزار دۆلار یاخود پێنج هەزار دۆلاری بوێت، ئەوە دەچێتە 157 هەزار و 250 دینار.

نرخی دۆلار لە بازاڕی سلێمانی

دانا مەولود، مامەڵەکاری دراو لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی بە کەناڵ8ـی گوت، بەهای 100 دۆلار بە 157 هەزار دینارە و بە فرۆشتن 250 دینار بۆ هەر سەد دۆلارێک زیاترە.

نرخی دۆلار لە دەرەوەی بازاڕی فەرمی

سەبارەت بە نرخی دۆلار لە نووسینگە دەرەکییەکان باسی لەوەشکرد، لە دەرەوەی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی فرۆشتنی دۆلار گەیشتووەتە 157 هەزار دینار.

گۆڕانکاریی لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی

هاوکات، ئەو مامەڵەکارە یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دیناری بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق گەڕاندەوە.

ئاماری گۆڕانکارییەکانی 72 کاتژمێری ڕابردوو

لە ماوەی 72 کاتژمێری ڕابردوودا بەهای هەر 100 دۆلارێک 2 هەزار و 250 دینار زیادی کردووە، لە 155 هەزار دینار بۆ 157 هەزار و 250 دینار زیادی کردووە.

ئارا ئیبراهیم

3 کاتژمێر پێش ئێستا