وەزارەتی بازرگانیی عێراق: 900 هەزار منداڵ داخڵی فۆڕمی خۆراک کراون
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، لەپاش کاراکردنی پرۆسەی زیادکردنی منداڵان بۆ ناو فۆڕمی بەشەخۆراک، تاوەکو ئێستا 900 هەزار منداڵ داخڵ کراون لەکاتێکدا زیاتر لە 3 ملیۆن و 200 هەزار داواکاری هەیە. بەڕێوەبەری پلاندانانی وەزارەتەکە دڵنیایی دەدات کە لە ماوەی دوو مانگدا سەرجەم داواکارییەکان پەسەند دەکرێن، هاوکات لە شارەکانی هەولێر و سلێمانیش پێشکەشکردنی داواکارییەکان بەردەوامە و ڕێکارەکان دەستپێکراون.
ئاماری گشتیی داخڵکردنی منداڵان لە عێراق
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، لەپاش کاراکردنی زیادکردنی منداڵ بۆ ناو فۆڕمی بەشەخۆراک، تاوەکو ئێستا 900 هەزار منداڵ داخڵ کراون لەکاتێکدا زیاد لە سێ ملیۆن و 200 هەزار داواکاری هەیە بۆ زیادکردنی منداڵانی خوار 12 ساڵ بۆ ناو فۆڕمی بایەعی.
ماوەی کاراکردنی سیستمەکە و ڕێژەی پەسەندکردن
تاڵب حەسەن نیعمە، بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەبارەی دەستپێکردنی پرۆسەکەوە ڕایگەیاندووە، ماوەی سێ ڕۆژە دەستیان کردووە بە زیادکردنی ناوی منداڵی خوار 12 ساڵ بۆ نێو فۆڕمی بەشەخۆراک و ڕوونیکردووەتەوە، ملیۆنان داواکاری هاتووە بۆ زیادکردنی منداڵ و لەو ژمارەیەش 900 هەزار داواکاری پەسەندکراوە و داخڵکراون و ناویان چووەتە ناو فۆڕمی بایەچییەوە.
وادەی کۆتاییهاتنی پرۆسەکە و جیاکردنەوەی خێزانەکان
ئەو بەرپرسە لەبارەی تێپەڕاندنی سەرجەم داواکارییەکانەوە دڵنیاییشیداوە لەماوەی دوو مانگدا سەرجەم داواکارییەکان پەسەند دەکرێن، دەشڵێت، لەماوەی داهاتوودا جیاکردنەوەی خانەش دەکەوێتەکار، وەکخۆی دەڵێت، لە چەند پارێزگایەک ئەو هەنگاوە بە ئەزموونی کاراکراوە، لەوانە پارێزگای دهۆک و لە دوو مانگی داهاتوو لەسەرجەم پارێزگاکان دەکرێتەوە.
دۆخی ئامارەکان لە سلێمانی و ڕێکارەکانی بەغدا
ئەم ئامارەی زیادکردنی منداڵ بۆ بەشەخۆراک لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئامارێک نییە بۆ ئەوەی بزانرێت چەند منداڵ داخڵ کراوە یاخود چەند داواکاریی کراوە بۆ زیادکردنی منداڵ بۆ فۆڕمی بەشەخۆراک، بەڵام کەناڵ8 دەستیکەوتووە، لە سلێمانی 115 هەزار داواکاریی هەیە بۆ زیادکردنی منداڵ و هێشتا داخڵی سیستمەکە نەکراوە، بەوپێیەی چەندینجار پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت و دواتر لە عێراقەوە پەسەند دەکرێت و ئەوکات عێراق دیاریدەکات بۆ چ مانگێک ئەو منداڵە لەسەر بەشەخۆراکییەکە زیاد کراوە.
قەبارەی داواکارییەکان لە پارێزگای هەولێر
لە هەولێر ماوەی 12 ڕۆژە هەنگاوی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ زیادکردنی منداڵ کاراکراوە و لەو ماوەیەدا زیاد 60 هەزار داواکاریی پێشکەشکراوە.
پێشبینییەکان بۆ کۆی گشتیی ناوە تۆمارکراوەکان
سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراکی هەولێر لەبارەی بەرزبوونەوەی ژمارەی ناوی منداڵانەوە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، پێشبینی دەکەن ژمارەی داواکارییەکان بگاتە 500 هەزار داواکاریی بەوپێیەی بەگوتەی خۆی، پێنج ساڵە نەتوانراوە منداڵان زیاد بکرێن بۆ نێو فۆڕمی بایەعی.
2 کاتژمێر پێش ئێستا