شەربەت و خواردنەوە گازییەکان ئەم مەترسییەیان بۆ منداڵان هەیە
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێی کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا، خواردنەوەی شەربەت و خواردنەوە گازییەکان لە منداڵیدا ئەگەری تووشبوونی منداڵەکە لەکاتی گەنجیدا بە بەرزەفشاری خوێن زیاددەکات، ئەم کاریگەرییە بەتایبەتی بۆ منداڵانی کوڕ زیاترە.
لە توێژینەوەکەدا دەیان هەزار منداڵ چاودێریی تەندروستی و خۆراکیان کراوە و کاتێک پێگەیشتوون پشکنینیان بۆ کراوە. دەرکەوتووە ئەو منداڵانەی خواردنەوە شیرینکراوەکان زۆر دەخۆنەوە (بۆ نموونە خواردنەوە گازییەکان، شەربەت و گیراوەی میوەی سروشتی)، زیاتر تووشی ئەو گرفتانە دەبن کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاددەکەن
بەگوێرەی توێژینەوەکە ئەو منداڵانەی خواردنەوە شیرینکراوەکان دەخۆنەوە ئەگەری تووشبوونیان بەم گرفتانە زیاترە:
- بەرزەفشاری خوێن
- قەڵەوی
- زیادبوونی بەرگریی خانەکان بۆ ئینسۆلین
- بەرزەچەوریی خوێن
هەر لە توێژینەوەکەدا ئەوەش دەرکەوتووە کە، ئەو منداڵانەی پێش تەمەنی شەش مانگی گیراوەی میوەیان پێ دراوە، لە تەمەنی هەشت بۆ 10 ساڵیدا فشاری خوێنیان زیاتر بووە بەراورد بەو منداڵانەی پاش تەمەنی 12 مانگی خواردنەوەکەیان پێ دراوە.
کاریگەرییە نەرێنییەکان لەو خواردنەوانەدا زیاتر بوون کە لە کارگەکان دروستکراون و شەکری زیادکراویان تێدا بووە، واتا لە گیراوەی میوەی فرێشدا کەمتر فشاری خوێن بەرز بووەتەوە.
کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا بەگشتی ڕێنمایی دایک و باوکان دەکات ئەم جۆرە خواردنەوانە بدەن بە منداڵەکەیان:
- ئاو خواردنەوەی سەرەکی بێت
- ئەگەر گیراوەی میوە درا بە منداڵ 100% سروشتی بێت
- خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان نەدرێن بە منداڵ
3 کاتژمێر پێش ئێستا