لە ئەمریکا ژیریی دەستکرد بۆ دەستنیشانکردنی 18 منداڵ بەکارهێنرا

پێشەوا جەلال 3 کاتژمێر پێش ئێستا
پسپۆڕانی زانکۆی بۆستن و کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای نەخۆشیی 18 منداڵیان بە ژیریی دەستکرد دەستنیشان کردووە
پسپۆڕانی زانکۆی بۆستن و کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای نەخۆشیی 18 منداڵیان بە ژیریی دەستکرد دەستنیشان کردووە

نەخۆشخانەیەکی منداڵان لە ئەمریکا بە هاوکاریی کۆمپانیایەکی ژیریی دەستکرد هەڵسەنگاندنیان بۆ 18 منداڵ کردووە کە نەخۆشییە دەگمەنیان هەبووە و نەخۆشییەکەیان دەستنیشان نەکراوە و پاش بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد نەخۆشیی منداڵەکان دەستنیشان کراون.

پسپۆڕانی نەخۆشخانەی منداڵانی بۆستن لە ئەمریکا و کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، بە بەکارهێنانی مۆدێلێلی ژیریی دەستکرد هەڵسەنگاندنی کلینیکی و بۆماوەییان بۆ 18 منداڵ کردووە کە نەخۆشیی دەگمەنیان هەبووە و لەلایەن پسپۆڕانەوە دەستنیشان نەکراون.

هەندێک لە منداڵەکان چەندین ساڵە بەهۆی گرفتەکەوە ناڵاندوویانە و بەهۆی دەستنەکەوتنی وەڵامێک لەلایەن پزیشکانەوە، چارەسەری پێویستیان بۆ نەکراوە؛ بەڵام ئێستا بە یارمەتیی ژیریی دەستکردن دەزانن تووشی چ نەخۆشییەک بوون و بەم شێوەیەش چارەسەری گرفتەکەیان ئاسانتر دەبێت.

مۆدێلەکەی ژیریی دەستکرد بڕیاری یەکلاکەرەوەی نەداوە و هەموو ئەنجامەکانی لەلایەن پسپۆڕانی بۆماوەیی و تاقیگەییەوە پەسەند کراون.

پسپۆڕان دەڵێن ژیریی دەستکرد دەتوانێت بە نزیکەی 10 خولەک چەندین زانیاریی و داتای وردی بۆماوەیی هەڵبسەنگێنێت، ئەمەش کارەکەیان ئاسانتر دەکات و لەجیاتی ئەوەی کاتی خۆیان بە کۆکردنەوەی داتا و بەدواداچوونەوە بەسەر ببەن، کاری زیاتر لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکان و بڕیاری دروست دەکەن.

پێشەوا جەلال

3 کاتژمێر پێش ئێستا