عەلا جبووری؛ لە وەرگرتنی خەڵاتی دەستپاکی بۆ دەستگیرکردن بە تۆمەتی بردنی ملیارەها دینار

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئەندازیار عەلا سەمیر جبووری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاست
ئەندازیار عەلا سەمیر جبووری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاست

ئەو بەڕێوەبەرەی لە بەغداد وەک دەستپاکترین فەرمانبەری ساڵ خەڵاتکرا، ئێستا بە تۆمەتی گەندەڵی و هەبوونی پڕۆژەی خەیاڵی دەستگیرکراوە و 76 ملیار دیناری لە باخەکەیدا دۆزراوەتەوە.

دەستگیرکردنی عەلا جبووری بە تۆمەتی گەندەڵی

ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە، ئەندازیار عەلا سەمیر جبووری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاست، لە ناوچەی زەیونەی بەغداد دەستگیرکرا. دەستگیرکردنەکەی بە بڕیاری دادوەری دەستپاکی بووە و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی گەندەڵی، دروستکردنی پڕۆژەی خەیاڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی.

وەرگرتنی خەڵاتی دەستپاکترین فەرمانبەر لە 2023

سەرەڕای تۆمەتەکانی ئێستا، عەلا جبووری لە 20ـی کانوونی دووەمی 2023، لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا لە هۆتێل فەڵەستینی بەغداد بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵا، خەڵاتی "باشترین و دەستپاکترین فەرمانبەری ساڵ"ـی پێدرا. لەو کاتەدا ناوبراو ڕایگەیاندبوو کە ئەو ڕێزلێنانە ئەنجامی خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتی و ماندووبوونی ستافەکەیەتی.

دۆزینەوەی 76 ملیار دینار و موڵکە گرانبەهاکان

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، دوای دەستگیرکردنی و دانپێدانانەکانی، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەستەی دەستپاکی لەنێو باخێکیدا دەستیان بەسەر 76 ملیار دیناری کاشدا گرتووە. هەروەها ناوبراو دانی بەوەدا ناوە کە خاوەنی چەندین ڤێلا، خانوو، شوقەی نیشتەجێبوون و باڵەخانەی گرانبەهایە لە ناوچە جیاوازەکانی شاری بەغداد.

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا