ئیسماعیل بەقائی: لەسەر میکانیزمێکی نوێ بۆ ڕاگرتنی جەنگ لە لوبنان و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان ڕێککەوتین

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وردەکارییەکانی لووتکەی لۆسێرن ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێشکەوتنی گەورە لەسەر دۆسیە ستراتیژییەکان بەدەستهاتووە.

کاریگەریی هەڕەشەکانی ترەمپ لەسەر شێوازی دانوستان

ئیسماعیل بەقائی ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دانوستانەکانی سویسرا لە ڕۆژی 22ـی حوزەیرانی 2026، سەرەتا بە 1.5 کاتژمێر گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەستیپێکرد. ئاماژەی بەوەش کرد، دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانی هەڕەشەئامێزی سەرۆکی ئەمریکا لە میدیاکاندا، شاندی ئێران ئامادەنەبوو لە کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ بەردەوام بێت. بەو هۆیەوە لە کاتژمێر 6:00ـی ئێوارەوە تاوەکو بەرەبەیانی دووشەممە، گفتوگۆکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی نێوەندگیرانی قەتەر و پاکستانەوە بەڕێوەچوون.

ڕێککەوتن لەسەر ڕاگرتنی جەنگی لوبنان و هەناردەی نەوت

سەبارەت بە ئەنجامی پەیامە ناڕاستەوخۆکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە لەسەر بەندی 1ـی لێکتێگەیشتنەکە ڕێککەوتوون بۆ دامەزراندنی میکانیزمێکی نوێی چاودێری بۆ دڵنیابوون لە ڕاگرتنی هەمیشەیی جەنگ لە لوبنان. هەروەها جەختی کردەوە کە پێشکەوتنی زۆر باش لە بەندەکانی 10 و 11ـدا بەدەستهاتووە، کە تایبەتن بە پێدانی مۆڵەتی پێویست بۆ فرۆشتنی نەوت و پێکهاتە پترۆکیمیاییەکانی ئێران، لەگەڵ پابەندبوونی لایەنی بەرامبەر بە ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی تاران.

ئاسایشی گەرووی هوورمز و مەرجەکانی واژۆکردنی ڕێککەوتن

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەقائی ئاماژەی بەوە کرد کە هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر دروستکردنی میکانیزمێک بۆ تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییەکان لە گەرووی هوورمز. هەروەها سیستمێکی چاودێری بەپێی بەندی 12 دادەمەزرێت بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەردوولا. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم مۆڵەتانە و ئازادکردنی داراییەکان، مەرجی سەرەکین بۆ چوونە ناو قۆناغی واژۆکردنی کۆتایی ڕێککەوتنەکە.

دەستبەکاربوونی تیمە تەکنیکییەکان لە سویسرا

بەقائی ڕایگەیاند کە ئەرکی شاندی باڵای دانوستانکار بۆ ئەم قۆناغە کۆتایی هاتووە، بەڵام بڕیارە لە ڕۆژی سێشەممەوە تیمە تەکنیکییەکان بە سەرپەرشتیی کازم غەریب ئابادی، دەست بە کۆبوونەوە چڕەکانیان بکەنەوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکاریی هەموو بەندەکان. هاوکات بەیاننامەیەکی هاوبەشی قەتەر و پاکستان وەک بەڵگەنامەی فەرمیی ئەم 18 کاتژمێرەی گفتوگۆکانی سویسرا بڵاودەکرێتەوە.

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا