ڕێبەر ئەحمەد لەبری یاسای ڕۆژنامەگەری بە یاسای "خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکان" فەرمانی دەستگیرکردن بۆ میدیاکاران دەردەکات
حکومەت یاسای ڕۆژنامەگەریی ژمارە 35 فەرامۆش دەکات و یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن وەک ئامرازێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەکاردەهێنێت.
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی بۆرد و پێشکەشکارێکی کەناڵ8
لە نوێترین پێشهاتدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەحمەد نەجم، سەرۆکی بۆردی کەناڵ8 و بژار دەباغ، پێشکەشکاری هەمان کەناڵ دەرکرد. لەبری پەنابردن بۆ یاسای ڕۆژنامەگەری، وەزیری ناوخۆ یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی بۆ دەستگیرکردنی ئەو دوو میدیاکارە بەکارهێناوە.
پەنابردن بۆ یاسای ژمارە 6 لەبری یاسای ڕۆژنامەگەری
لە ئێستادا ئاڕاستەیەک لەناو حکومەتدا کار لەسەر ئەوە دەکات کە مامەڵەی یاسایی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە یاسای ژمارە 35ـی ڕۆژنامەگەرییەوە بگۆڕێت بۆ یاسای ژمارە 6ـی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە یاسای ڕۆژنامەگەری تایبەتە بە ڕێکخستنی کاری میدیایی، بەڵام ئێستا لە دادگاکاندا کارکردن پێی بەرەو کەمبوونەوە چووە.
جیاوازیی نێوان هەردوو یاساکە و بوارەکانی جێبەجێکردن
یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی تایبەتە بەو کەسانەی مۆبایل و ئینتەرنێت بۆ هەڕەشە، سوکایەتی، یان بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاو بەکاردەهێنن. لە بەرامبەردا، ئەحمەد نەجم و بژار دەباغ لە چوارچێوەی دەزگایەکی فەرمی و پیشەییدا کاریان کردووە و بابەتەکانیان پەیوەندیی بە ژیانی شەخسیی کەسەوە نەبووە، بەڵام بەو یاسایە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
مەترسییەکانی بەکارهێنانی یاسا وەک ئامرازی تۆڵەکردنەوە
ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ڕۆژنامەنووسان نیشانی دەدەن کە پەنابردن بۆ یاساکانی دەرەوەی یاسای ڕۆژنامەگەری، وەک ئامرازێکی تۆڵەکردنەوە بەکاردێت. ئاماژە بەوەش دەکەن کە لە ڕابردوودا بە هەمان شێوە دەیان ڕۆژنامەنووس بە یاسای جیاواز دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستا لە زیندانەکاندان، ئەمەش لە کاتێکدایە هەر پیشەیەک یاسای تایبەت بە خۆی هەیە بۆ لێپێچینەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا