100 دۆلار گەیشتە 159 هەزار دینار؛ نوێترین نرخەکانی دراو لە بازاڕەکانی هەرێم

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دینار و دۆلار لە بازاڕی دراوی سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8
دینار و دۆلار لە بازاڕی دراوی سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

لەگەڵ دەنگۆی گۆڕینی بەهای فەرمیی دراو و ئاڵوگۆڕی پۆستە باڵاکانی بانکی ناوەندی، بەهای دینار بەرەو دابەزینی زیاتر دەچێت و 100 دۆلار 159 هەزار دیناری تێپەڕاند.

بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان

لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزینی نوێی تۆمار کردووە. لە ئێستادا 100 دۆلاری ئەمریکی بە 159,000 دیناری عێراقی مامەڵەی پێوە دەکرێت.

هۆکارەکانی ناجێگیریی بەهای دینار

کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر ڕایگەیاند، هۆکاری دابەزینی بەهای دینار بۆ ناجێگیریی دۆخی دارایی عێراق دەگەڕێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی نوێ ڕێوشوێنی توندی نەگرتووەتەبەر بۆ پاڵپشتیکردنی دراوی نیشتمانی، ئەمەش وایکردووە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ناسەقامگیر بێت.

کاریگەریی دەنگۆکان لەسەر بازاڕ

وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی هەولێر ئاشکرای کرد، دەنگۆی گۆڕینی بەهای فەرمیی دینار بەرامبەر دۆلار لە عێراق بڵاوبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە خواست لەسەر کڕینی دۆلار لەلایەن هاوڵاتییان و بازرگانانەوە زیاد بکات و نرخەکەی بگاتە 159,000 دینار.

جیاوازیی نرخ لە بازاڕی سلێمانی

دانا مەولود، مامەڵەکاری دراو لە بازاڕی سلێمانی ڕایگەیاند، نرخی 100 دۆلار لەنێو بازاڕدا 159,000 دینارە، بەڵام لە دەرەوەی بازاڕی فەرمیی دۆلار فرۆشتنی دۆلار گەیشتووەتە 159,250 دینار.

ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی

یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی بەهای دینار بۆ دەنگۆی ئاڵوگۆڕی پۆستی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەگەڕێتەوە. بازاڕەکان بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەگەری گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتیی باڵاترین دامەزراوەی دارایی وڵاتدا دەکەن، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەهای دراوەکە دروست کردووە.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا