دەستی خودا لە مارادۆناوە بۆ مۆندیالی 2026

مەستان حوسامەدین 3 کاتژمێر پێش ئێستا

لەکاتێکدا کە ئێستا مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، چاوی ملیۆنان کەس لەسەر یارییەکانە، مێژووی پاڵەوانێتی جیهان دووبارە زیندوو دەبێتەوە. لە نێوان هەزاران ساتی ناوازەی ئەم ڕکابەریانەدا، بەڵام هێشتان یەکێک لە بەناوبانگترین یارییەکان و گۆڵەکان لەبیرەوەرى بەشێکى هاندەرانى تۆپى پێدا ماوەتەوە، ئەویش ئەو گۆڵەیە کە دییگۆ مارادۆنا لە 22ی حوزەیرانی 1986 لە دژی ئینگلتەرا تۆماری کرد، گۆڵێک کە دواتر بە ناوی "دەستی خودا" ناسرا.

گەڕانەوە بۆ 40 ساڵ پێش ئێستا

ئەمڕۆ چل ساڵ بەسەر ئەو گوڵەدا تێدەپەڕێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە وڵاتی مەکسیک ئێستا یەکێکە لە خانەخوێیەکانى مۆندیالی 2026.
مارادۆنا لە چارەکى کۆتایی مۆندیالی 1986دا بوو بە پاڵەوانی سەرەکی یەکێک لە یارییەکانى مۆندیال.
ئەویش پاش ئەوەى لە خولەکی 51دا بە دەست تۆپێکى خستە ناو تۆڕی گۆڵی ئینگلتەرا، بەڵام داوەر گۆڵەکەی قبووڵ کرد. ئەو ساتە بە خێرایی بوو بە بابەتی ناکۆکى و گفتوگۆ لە هەموو جیهاندا.
تا ئەوکاتەى مارادۆنا خۆی وتى گۆڵەکەى بەدەست کردووە و بە ناوی "دەستی خودا" ناوی برد.

بەڵام ئەوەی مارادۆنای کرد بە ئەفسانەى یارییەکە ئەم گۆڵە نەبوو کە بەدەست تۆمارى کرد، بەڵکو دواى چوار خولەک لەو گۆڵە، مارادۆنا، بەتەنیا تۆپەکەی لە ناوەڕاستی یاریگاوە، بە تێپەڕبوون لە چەندین یاریزانی ئینگلتەرا، بردە بەردەم گۆڵ و یەکێک لە جوانترین گۆڵەکانی مێژووی مۆندیالی تۆمار کرد؛ گۆڵێک کە تا ئێستا زۆر کەس بە باشترین گۆڵی مۆندیالى دەزانن.

تۆپی پێی مۆدێرن و سیستمی ڤار

ئەمڕۆ، لە مۆندیالی 2026دا، جیهانی تۆپی پێ زۆر جیاوازە، تەکنەلۆژیا و VAR، سیستەمی چاودێری هێڵی گۆڵ و دەیان ئامرازی نوێ هەن کە ڕێگا نادەن هەڵەیەکی وەک ئەوە دووبارە ڕووبدات، ئەگەر گۆڵی "دەستی خودا" لە ئەم مۆندیالەدا تۆماربکرێت، بە چەند چرکەیەک هەڵدەوەشێتەوە و ئەگەریش هەیە یاریزانەکە ڕووبەڕووى سزاى توندى دادوەرى یارییەکە ببێتەوە.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکارییانەش، یەک شت نەگۆڕاوە؛ ئەویش ئەوەیە کە مۆندیال هەمیشە پێویستی بە کارەکتەرە گەورەکان، ساتە ناوازەکان و چیرۆکە مێژووییەکان هەیە.

مارادۆنا ناوێکە لەبیر ناکرێت

لە کاتێکدا نەوەیەکی نوێ لە یاریزانان هەوڵی نووسینەوەی مێژووی خۆیان دەدەن لە مۆندیالی 2026، بیرەوەریی مارادۆنا هێشتا لەگەڵ ئەم پێشبڕکێیەدا دەژی. چونکە مۆندیال تەنها پێشبڕکێیەکی وەرزشی نییە؛ کۆمەڵێک چیرۆک و بیرەوەرییە کە نەوە دوای نەوە دەگوازرێنەوە. لە نێوان هەموو ئەو چیرۆکانەشدا، "دەستی خودا" هێشتا یەکێکە لەو ساتانەی کە هەر کات باس لە مۆندیال بکرێت، ناوی مارادۆنا و ئەو ڕۆژەی مەکسیک دووبارە زیندوو دەبنەوە.

مەستان حوسامەدین

3 کاتژمێر پێش ئێستا