ڕۆژنامەی حوڕییەت: بەمنزیکانە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی لەبارەی چەکدانانی پەکەکە دەبێت
ڕۆژنامەیەکی نزیک لە حکومەتی تورکیا وردەکاریی نوێی پرۆسەی چارەسەری ئاشکرا دەکات و ڕادەگەیەنێت کە زۆربەی قۆناغەکانی پڕۆژەی "تورکیای بێ تیرۆر" تەواو کراون.
ئاستی جێبەجێکردنی پرۆسەی چارەسەری
ڕۆژنامەی حوڕییەت لە زاری ڕۆژنامەنووس فاتیح چەکیرگە بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا 85%ـی پرۆسەی چارەسەری جێبەجێکراوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە یەکە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی تورکیا ڕاپۆرتی کۆتاییان لەبارەی چەکدانان ئامادە کردووە و پرۆسەکە بەرەو قۆناغی یەکلاکەرەوە دەچێت.
پەیامی ئۆجەلان و خێراکردنی چەکدانان
بەگوێرەی زانیارییەکانی حوڕییەت، دیدارەکانی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەردەوامن. چاوەڕوان دەکرێت بەمنزیکانە ئۆجەلان پەیامێکی تایبەت بە چەکدانانی گشتی بڵاو بکاتەوە، کە ئەمە دەبێتە هۆی خێراکردنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دەستپێکردنی قۆناغی خۆڕادەستکردنی ئەندامانی ئەو حزبە.
دەرکردنی یاسایەکی نوێ لە پەرلەمان
ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، بەر لەوەی پەرلەمانی تورکیا بچێتە پشووی هاوینەوە، یاسایەکی کورت و پوخت بۆ پرۆسەکە دەردەکات. ماوەی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لە نێوان 6 بۆ 8 مانگ دەبێت، بەڵام هیچ بڕگەیەکی تێدا نییە کە وەک لێخۆشبوون (عەفوو) بۆ ئەندامانی پەکەکە لە قەڵەم بدرێت.
مەرجی کۆتایی بۆ واژۆکردنی یاساکە
بڕیار دراوە یاساکە دوای ئەوە لە پەرلەمان پەسند بکرێت کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بە فەرمی چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە پشتڕاست دەکاتەوە. ئەم هەنگاوە وەک کۆتا قۆناغی پڕۆژەی "تورکیای بێ تیرۆر" ئەژمار دەکرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا