کۆچەر جەمال: ئەمساڵ بەنداوى دووکان سەرڕێژ ناکات

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان لە دەورووبەری بێڵماوسی بەنداوەکە
دیمەنێک لە ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان لە دەورووبەری بێڵماوسی بەنداوەکە

بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوی دووکان ڕایگەیاند کە ئەگەری سەرڕێژبوونی بەنداوەکە بۆ ئەمساڵ کۆتایی هاتووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە کاتێکدا تەنیا 12 سانتیمەتری مابوو بۆ سەرڕێژبوون، پرۆسەی بەردانەوەی ئاو بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دەستی پێکردووە.

دوایین دۆخی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکەدا

بە تەمای سەرڕێژبوونی بەنداوی دووکان مەبن، وەرزی بارانبارین 45 ڕۆژە کۆتایی هاتووە و دەستیش بە بەردانەوەی ئاو کرا، ئەوەش لە کاتێکدایە لە لێواری سەرڕێژبووندا بوو.

هۆکاری ڕاگرتنی سەرڕێژبوون و بەردانەوەی ئاو

کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان لەبارەی ئاستی ئاوی بەنداوەکەوە بە کەناڵ8ـی ڕایگەیاند، تەنیا 12 سانتیمەتر مابوو بۆ سەرڕێژبوون، بەڵام لە 20ـی حوزەیرانەوە دەستیان کردووە بە بەردانەوەی ئاو بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە دوو یەکەدا.

کۆتاییهاتنی پرسی سەرڕێژبوون بۆ ئەمساڵ

ناوبراو لەبارەی ئەگەری سەرڕێژبوونی دووبارەی بەنداوەکەوە گوتیشی: "بەو هۆیەوە بابەتی سەرڕێژبوونی بەنداوی دووکان بۆ ئەمساڵ کۆتایی هات".

قەبارەی ئاوی گلدراوە و گرنگییەکەی

سەبارەت بە سوود و قەبارەی ئاوی کۆکراوە باسی لەوەش کرد، بە نزیکەیی 7 ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دووکان گلدراوەتەوە و ئەوەش سوودی بۆ ئاوی خواردنەوە، کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی کارەبا دەبێت. ئەو بڕە ئاوەشی بە نیشانەی زیادبوونی بەرچاوی داهاتی ئاو لەمساڵدا ناوبرد.

مێژوو و توانای گشتیی بەنداوی دووکان

بەنداوی دووکان گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە، توانای گلدانەوەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و لە ساڵانی 1954 تاوەکو 1959 لەسەر ڕووباری زێی بچووکدا دروستکراوە و لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا تەنیا لە ساڵی 2019دا سەرڕێژ بووە.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا