ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى: 10 ملیۆن دۆلار و 31 ملیار دینارى عەدنان جومەیلى دەستى بەسەردا گیراوە

رێبوار حەمەوەیس 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دەستبەسەر 10 ملیۆن دۆلار و 31 ملیار دینار و 70 موڵک و 21 ئۆتۆمبێلی عەدنان جومەیلى بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراقدا گیراوە
دەستبەسەر 10 ملیۆن دۆلار و 31 ملیار دینار و 70 موڵک و 21 ئۆتۆمبێلی عەدنان جومەیلى بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراقدا گیراوە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دوایین ئاماری ئەو پارە، زێڕ و موڵکانەی ئاشکرا کرد، کە لە دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتدا دەستیان بەسەردا گیراوە؛ بەپێی ڕاگەیەندراوەکەش کۆی گشتیی پارەکان گەیشتووەتە 10 ملیۆن دۆلار و 31 ملیار دینار، ئەمەش جیا لە دەیان خانوو، زەوی و ئۆتۆمبێلی گرانبەها.

دۆزینەوەی ملیۆنان دۆلار و ملیارەها دینار

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، کۆی ئەو پارە و موڵک و ماڵانەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی ئاشکرا کرد، کە تاوەکو ئێستا دەستیان بەسەردا گیراوە، کۆی گشتیی گەیشتووەتە 10 ملیۆن دۆلار و 31 ملیار دیناری عێراقی، جگە لە دەیان موڵک و ئۆتۆمبێلی گرانبەها.

لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییەکانی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕاگەیێنراوێکی لەبارەی دوایین لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی گەندەڵییەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن بڵاوکردەوە.

بەردەوامیی ڕێکارەکانی دادگای ناوەندیی تاوانەکان

سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێکارەکان ئاماژەی بەوە کردووە، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای ناوەندیی تاوانەکانی گەندەڵی بەردەوامە لە لێکۆڵینەوەی دۆسیەی عەدنان جومەیلی و تێوەگلاوەکانی دیکە، لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد بۆ دەستبەسەراگرتنی پارە بەدەستهاتووەکان لە دەرئەنجامی بەهەدەردان لەلایەن کەسی تۆمەتبار و لایەنە پێوەندیدارەکانی دۆسیەکە، کۆی ئەو بڕە یاساییەی دەستی بەسەردا گیراوە گەیشتووەتە 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و 31 ملیار دیناری عێراقی.

پوچەڵکردنەوەی هەوڵێکی بەقاچاخبردنی پارە لە کێڵگەیەکدا

له‌باره‌ی بەردەوامیی هەوڵەکانی دادگاکەوە ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە دەستی بەسەر نزیکەی 20 ملیار دیناردا گرتووە کە لە یەکێک لە کێڵگەکان شاردرابوویەوە، هەوڵێکی بەقاچاخبردنی 5 ملیار دیناری دیکەش لە یەکێک لە پارێزگاکان پوچەڵکراوەتەوە.

دەستبەسەرداگرتنی دەیان موڵک، ئۆتۆمبێل و کیلۆگرامێک زێڕ

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە درێژەی ڕێکارە یاساییەکاندا، دەست بەسەر 70 موڵک و 21 ئۆتۆمبێلی مۆدێل تازەدا گیراوە، جگە لەوەش دەست بەسەر 3 کیلۆگرام زێڕدا گیراوە.

ڕاوەدووڕان و شوێنکەوتنی تێوەگلاوانی دیکەی دۆسیەکە

سەبارەت بە چارەنووسی تۆمەتبارانی دیکە ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە و شوێنکەوتنی تێوەگلاوانی دیکە بەردەوام دەبێت تاوەکو ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر بە هەموویان تەواو دەکرێن.

هۆکار و شوێنی دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی

لەبارەی کاتی دەستگیرکردنەکەیەوە ڕایگەیاند، ڕۆژی 30ـی ئایار، عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن و بەڕێوەبەری کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و پاڵاوگەی بێجی، بەتۆمەتی تێوەگلانی لە دۆسیەکانی گەندەڵیی دارایی و ئیداری لە پاڵاوگەی بێجی، لەلایەن هێزێکی تایبەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانەوە، لە ناوچەی ئیسحاقی پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیرکرا.

یەکەمین ئاماری دارایی دەستبەسەرداگیراوی تۆمەتبارەکە

سەبارەت بە سەرەتای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان ڕایگەیاند، دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە 2ـی حوزەیراندا ڕایگەیاند، 10 ملیۆن دۆلار، 3 ملیار دینار، کیلۆییەک و 500 گرام زێڕ، 40 موڵک لە بەغداد، هەولێر و سەڵاحەدین دەستیان بەسەردا گیرا، هەروەها بڕێکی زۆری چەک و تەقەمەنیی جۆراوجۆر لە ماڵەکەیدا دەستی بەسەردا گیرا.

پوختەی زانیارییەکان لەبارەی سەروەت و سامانى دەستبەسەرداگیراوى عەدنان جومەیلى

10 ملیۆن دۆلار

31 ملیار دینار

20 ملیار دینار لە کێڵگەیەکدا دەستبەسەرداگیرا

5 ملیار دینار ڕێگرى لە بەقاچاغبردنى کرا

70 موڵک

21 ئۆتۆمبێلى نوێ

3 کیلۆگرام زێڕ

رێبوار حەمەوەیس

3 کاتژمێر پێش ئێستا