ئەنجامی پزیشکی دادوەری: ئێسکەکەی لە گوندی ئێندزە دۆزرایەوە هی یاد سەربازە

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
یاد سەرباز عەلی، ئەو منداڵەی لە گوندی ئێندزەی  بناری قەندیل بێسەرشوێن بوو
یاد سەرباز عەلی، ئەو منداڵەی لە گوندی ئێندزەی بناری قەندیل بێسەرشوێن بوو

ئەنجامی پزیشکی دادی بە کەسوکارى یاد سەرباز ڕاگەیێنراو ئاگادارکرانەوە کە ئەو ئێسکانەى دۆزرابوونەوە هی یادن، بنەماڵەکەشى نایانەوێت پرسە دابنێن.

ڕاگەیاندنى ئەنجامى پشکنینەکان دواى نزیکەی مانگێک لە بێسەروشوێنبوونى یاد سەرباز بوو.

دوای پشکنینی DNA دەرکەوتووە ئێسکەکان هی یاد سەربازە

بنەماڵە وخزمانی گوندی کۆیلێ کە وەک بنەماڵەی یاد خۆیان ناساندووە لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێن "دوای 26 ڕۆژ تێپەڕین بەسەر ڕووداوی ونبوون، ڕفاندن و دۆزینەوەی ئێسقانەکان، دوای 10 ڕۆژ تێپەڕین بەسەر وەرگرتنی سامپڵ چ لە ئێسقانەکان بێت یانیش خوێنی دایک و باوکی منداڵەکە، ئەمڕۆ 22ـی مانگ لەڕێگەی دادگا و ئاسایش و دامودەزگا فەرمییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، بە فەرمی ڕایانگەیاند، کە ئەنجامی پشکنینی DNA دەڵێت؛ ئەو منداڵەی کە ئێسقانەکانی دۆزراونەتەوە هی یاد سەرباز عەلییە.

کەسوکارەکەی پرسە دانانێن

لەناو ڕوونکردنەوەکەدا بنەماڵەى یاد گوتویانە پرسە دانانێن، بەڵام هۆکارەکەیان باس نەکردووە.

کەناڵ8 پەیوەندی بە کەسوکاری یاد سەربازەوە کرد و لە هۆکاری دانەنانی پرسەى پرسى، تەنیا ئەوەیان گوت "نایانەوێت خزم و کەسوکاریان ئەزیەت بدەن، لەگەڵ ئەوەشدا لەوباریەوە وتوێژی دیکە دەکەن.

ڕۆژی ونبوونی یاد سەرباز

ڕۆژى 28ـی ئایار لە دووەم ڕۆژی جەژنی قورباندا، دواى ئەوەى خێزانێکى دانیشتووى شارى هەولێر سەردانى گوندی ئێندزە دەکەن لە بناری قەندیل و منداڵەکەیان بەناوى یاد کە تەمەنی سێ ساڵ و نۆ مانگە، گوایە لەگەڵ هاوڕێکانیدا یاری کردووە لێیان ون دەبێت، خەڵکی دەڤەری پشدەر و باڵەکایەتی و تیمە حکومییەکان بەدوایدا گەڕان بەڵام سۆراغى نەبوو، دواتر بەشێک لە کەسوکارەکەشی بە دایک و باوکییەوە دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا و هێشتا خاڵێکی یاد لەسەر دۆسیەی دیارنەمان و مردنی دەستبەسەرە.

لە پاش گەڕان، لەڕۆژی 12ـی حوزەیراندا بەشێک لە ئێسک و پروسک لەدەوروبەی شوێنی ونبوونی یاد کە بەرزاییەکی گوندەکە دۆزرایەوە و وا باسکرا کە ئێسکەکانى ئەون، هەر لەو شوێنە جل و پێڵاو و قژی دۆزرایەوە.

پێشتر دایک و باوکی گومانیان کردووە لەو ئێسکانەی دۆزراوەتەوە

دایک و باوکی یاد سەرباز لە بەرنامەی ڕاداری کەناڵ8 باسیان لەوەکرد، گومانیان هەیە لەوەی ئێسکی منداڵەکەیان بێت چونکە پێیان قورس و سەخت بوو منداڵێکی سێ ساڵ بچێتە ئەو شوێنە بەرزە و بتوانێت هێندە دوور بڕوات.

دانیشتووانی ناوچەکەش گومانیان لەوەبوو دەکرێت ئاژەڵی کێوی منداڵەکەی بردبێتە ئەو ناوچەیە و خواردبێتی و ئەوەشی دۆزراوەتەوە پاشماوەی جەستەیەتی.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا