سێشەممە پزیشکیان سەردانی پاکستان دەکات
چاوەڕوان دەکرێت، ڕۆژی سێشەممە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی پاکستان بکات، دوای گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان تاران و واشنتن کە بە نێوەندگیری پاکستان و قەتەر لە سویسرا بەڕێوەچوو.
دەربڕینی سوپاس بۆ سەرۆکوەزیرای پاکستان
حەبیبوڵا عەباسی، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی سەرۆکایەتیی ئێران، بە ئاژانسی فەرمیی ئیرنای ڕاگەیاندووە، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی کارنامەی سەردانەکە بریتییە لە دەربڕینی سوپاس بۆ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لەبەرامبەر هەوڵەکانی ئیسلامئاباد بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریکادا.
بەردەوامیدان بە ڕاوێژکارییە دوو قۆڵییەکان
لەگەڵ دەربڕینی سوپاسدا، ئامانجی سەردانەکە بریتییە لە بەردەوامیدان بە ڕاوێژکارییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، پێشخستنی هاوکارییە بەردەوامەکان و پێداچوونەوە بەو ڕێککەوتنە ئابوورییانەی کە پێشتر لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراون.
کۆتاییهاتنی خولی یەکەمی دانوستانەکانی تاران و واشنتن
بەيانیی ئەمڕۆ دووشەممە، خولی يەکەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمريکا و ئێران لەسەر ئاستی سياسی لە سويسرا کۆتایيهات، پاکستان و قەتەر، هەردوو وڵاتی نێوەندگیر لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند لیژنەی باڵای دانوستانەکان لەسەر نەخشەڕێگایەک ڕێککەوتووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 ڕۆژدا، ئەمەش بناغەی دەستپێکردنی دەستبەجێی گفتوگۆی تەکنیکی زیاترە، جگە لەوەش، هێڵی پەیوەندی لە نێوان لایەنەکاندا پێکهێنراوە بۆ دڵنيابوون لە تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هوورمز.
4 کاتژمێر پێش ئێستا