نرخى هەر سێ جۆرەکەى بەنزین لە سلێمانى گران بوو
نرخى هەر سێ جۆرەکەى بەنزین لە سلێمانى گران بوو و 50 دینارى دیکەى چووەسەر، سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان هۆکارەکەى بۆ کەمى خستنەڕووى بەنزین لەلایەن پاڵاوگەکانى کار و لاناز دەگەڕێنێتەوە.
هەریەکەیان 50 دیناری دیکەی چووە سەر
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، نرخى هەر سێ جۆرەکەى بەنزین 50 دینارى دیکەى چووەتەسەر، نرخى لیترێک بەنزین سوپەر بووەتە هەزار و 400 دینار، موحەسەنیش بووەتە هەزار و 250 دینار، لیترێک بەنزینى نۆرماڵیش بووەتە هەزار و 50 دینار.
بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی دەرەوە دەکرێت
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، بەنزین لە ناوخۆدا کەمبووەتەوە، پاڵاوگەکانى کار و لاناز لەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەى پێیان دەدرێت بۆ بەرهەمهێنانى جۆرەکانى سوتەمەنى بۆ پێداویستى ناوخۆ، بڕێکى زۆر کەمى دەخەنە بازاڕەوە و زۆربەى هەناردەى دەرەوە و شوێنەکانى دیکەی دەکەن، بەو پێیەى پارەیەکى باشتر دەکات.
هاتنی بەنزین لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە
گوتیشى، ئێستا بەنزین لە ئێرانەوە نایەت، هاوکات هاوردەکردنى بەنزینیش لە عێراقەوە بۆ هەرێمى کوردستان ڕاگیراوە، بەو پێیەى لە پارێزگاکانى عێراقیش خواست لەسەر بەنزین زۆرە و خستنەڕووى کەمە.
پێویستی ڕۆژانەی سلێمانی بە بەنزین
سەرچاوەکەى وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان باسى لەوەشکرد، تەنیا سلێمانى ڕۆژانە پێویستى بە ملیۆنێک و 500 هەزار بۆ دوو ملیۆن لیتر بەنزینە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا