کریستیانەکانى سلێمانی پێکهاتەیەکی ڕەسەن و دێرینی شارەکەن

شۆڕش محەمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا

کریستیانەکانى سلێمانی پێکهاتەیەکی ڕەسەن و دێرینی شارەکەن کە لە مێژووی پێکەوەژیانی ئاشتییانەدا جێ پەنجەیان دیارە و بەشێکی ڕەسەن لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی شارەکەن و ئازادی تەواویان هەیە بۆ  ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیان لە کڵێساکاندا.

پێش دامەزراندنی شاری سلێمانی

مێژووی بوونی کریستیانەکان لە ناوچەکانی سلێمانی و دەشتی شارەزووردا بۆ پێش دامەزراندنی خودی شارەکە لە ساڵی 1784ـدا دەگەڕێتەوە.

کریستیانەکانى سلێمانی سەر بە چەند کەنیسە و مەزهەبێکی جیاوازن، لەوانە: کاسۆلیکی کلدان، ئۆرسۆدۆکسی سریانی، ئەرمەن، ئاشووری، پرۆتستانت.

یەکەم کڵێسا لە سلێمانی

یەکەم کڵێساى کریستیانەکان لە شارى سلێمانى لە ساڵى 1862 دروستکراوە و سەرەڕای ئەوەی کە پێکهاتەیەکی کەمینەن، بەڵام بەشێکی دانەبڕاون لە مێژوو و کولتووری شارەکە.

دیارترین کڵێساى کریستیانەکان لە شارى سلێمانى بریتین لە کڵێساى مریەمى عەزرا و کڵێساى مار یوسف.

کڵێساى مریەمی عەزرا: دەکەوێتە گەڕەکی سابونکەران و کۆنترین کڵێساى شارەکەیە، کە لە ساڵی 1862 بونیاد نراوە.

کڵێساى مار یوسف: یەکێکە لە کڵێسا دیارەکانی سلێمانی، بە بەردەوامی ڕێوڕەسمی جەژنەکان و قەداسەکانی تێدا بەڕێوەدەچێت، وەک جەژنی قیامەت و جەژنی لەدایکبوون (کریسمس).

بوونی دوو جۆر کریستیان

لە پارێزگاى سلێمانیدا دوو جۆر کریستیان هەن، بەشێکیان بریتین لە خێزانە کریستیانە ڕەسەنەکان و ئەوانەش دەگرێتەوە کە لە شارەکانى دیکەى عێراقەوە بۆ گەڕان بە شوێن ئاسایش و سەقامگیریدا ڕوویان لە سلێمانى کردووە.

بەشەکەى تریان کریستیانە بیانییەکانە کە بریتین لە کرێکار و فەرمانبەری بیانی کە لە وڵاتانی وەک میسڕ، ئەسیوپیا، فلیپین و هیندستان بۆ کارکردن هاتوونەتە شارەکە جگە لە کارمەندانی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان.

ژمارەی کریستیانەکانی سلێمانی

ژمارەى کریستیانەکانى سلێمانى بە نزیکەى سێ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت ئەمە جگە لەوەى ژمارەیەک لە خێزانى کریستیانى لە کاتى داگیرکردنى شارى موسڵ لەلایەن ڕێکخراوى داعشەوە ئاوارە بوون و تاوەکو ئێستاش بەشێکیان هەر لەم شارەدا ماونەتەوە.

شۆڕش محەمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا