حەمید حوسەینی: دوای ڕێککەوتن ئێران 25 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکات
حەمید حوسەینی - گوتەبێژی یەکێتی هەناردەکارانی نەوت و گازی ئێران، لەمیانی بەشداریکردنی لە بوڵتنی ئابووری کەناڵ8 ڕایگەیاند، دوای ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا ئێران 25 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکات، دەشڵێت، نەوتێکی زۆریان لەناو کەشتییەکان هەیە و سەرجەم کۆگاکانیشیان پڕ نەوتن، ئامانجیانە دوای فرۆشتنی ئەو نەوتانە کۆمپانیاکان دەست بە بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بکەن.
بەهۆی پڕی کۆگاکانەوە بەرهەمهێنانی نەوت ڕاگیرا
گوتەبێژی یەکێتی هەناردەکارانی نەوت و گازی ئێران گوتیشی: ئێمە سەرقاڵی وتوێژێکین کە لە ئێستا ئەنجامەکەی بووەتە هۆی ئەوەی گەرووی هورمز بکرێتەوە و گەمارۆ دەریاییەکان نەمێنێت و هیوادارین لەم قۆناغەدا هەم بەشێک لە پارەکانی ئێران ئازادبکرێت، هەمیش قەدەغەی فرۆشتنی نەوتی ئێران لەم قۆناغەدا هەڵبگیرێت، ئێمە نەوتێکی زۆرمان لەسەر کەشتییەکان هەیە، هەروەها کۆگاکانمان پڕن، بۆیەن ناچاربووین بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکەینەوە، دەمانەوێت هەرچی زووترە نەوتی ناو کەشتییەکان بفرۆشین، بۆئەوەی بتوانین کۆگاکانمان خاڵی بکەینەوە، تاوەکو دووبارە کۆمپانیاکانی نەوت دەست بکەنەوە بە بەرهەمهێنان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی ئێران کە یاوەری شاندی دانوستانکاربوو لە جنێف ڕایگەیاند، لەو ڕۆژەی کە ڕێککەوتن کراوە و گەمارۆ دەریاییەکان لەسەر ئێران هەڵگیراوە، ئێران 25 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکات، پێشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی نرخی نەوت 80 دۆلار بوو، دوای نیوەڕۆکەی کە شاندی ئیران بەرەو جنێڤ بەڕێکەوتن دوو دۆلار کەم بووە بووە 78 دۆلار.
ئەمریکییەکان بەڵێنیان داوە کێشە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران دروستنەکەن
گوتەبێژی یەکێتی هەناردەکارانی نەوت و گازی ئێران دەشڵێت، هەوڵدەن بە دۆلار نەوت نەفرۆشن لەبەر ئەوەی دەترسن پارەکە بچێتەوە ئەمریکا و دەستی بەسەردا بگیرێت، دەشڵێت، ئەمریکییەکان بەڵێنیان داوە کە کێشە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران دروستناکەن.
خۆ بەدوورگرتن لە مامەڵە کردن بە دۆلار
حەمید حوسەینی گوتیشی "ئێمە هەوڵدەدەین بە دۆلار مامەڵە نەکەین، لەبەر ئەوەی دۆلار ڕەنگە بچێتە ئەمریکا و ڕەنگە ئەمریکاش کێشە بۆ گەڕانەوەی پارەی نەوت دروستبکات، هەوڵدەدەین بە یەن و درهەم و دراوی ئاسان مامەڵە بکەین، بەڵام وەک ئەوەی ئەمریکییەکان بەڵێنیان داوە، نەوتی ناو کەشتییەکانی ئێران هەناردە دەکرێت و کێشە بۆ فرۆشتنی دروستناکەن، ئەوکاتە گۆڕانکاری بەسەر کڕیارەکانی ئێراندا دێت و وڵاتانی ئەوروپی دەست بە کڕینی نەوتی ئێران دەکەن، هەتا وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ئەگەر هەیە نەوتی ئێران بکڕن، ئەوکاتە دەبێت پلان دابنێین بە دۆلار مامەڵە بکەین یان نا.
کڕیاری یەکەمی نەوتی ئێران چین دەبێت
حەمید حوسەینی، گوتەبێژی یەکێتی هەناردەکارانی نەوت و گازی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، بێجگە لە ئیسرائیل هیچ کێشەیەکیان لە فرۆشتنی نەوت بە وڵاتان نییە بە ئەمریکاشەوە، بەڵام کڕیاری یەکەمی ئەوان چین دەبێت و زۆرترین نەوت بە چین دەفرۆشن.
ئیسرائیل هێڵی سوور بووە
ئێمە هەمیشە هێڵێ سوورمان ئیسرائیل بووە، لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کێشەی فرۆشتنی نەوتمان نییە، ئەمریکا هەر خۆی کڕیارێکی گەورەی نەوت نییە، بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 700 بۆ 800 هەزار بەرمیل نەوت دەکڕێت، بێجگە لە ئیسرائیل هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ فرۆشتنی نەوت بە وڵاتان نییە، بەڵام سەرنجمان لەسەر بازاڕی چینە، پلانمان هەیە بازاڕی چین کۆنتڕۆڵ بکەین، دەمانەوێت لەگەڵ هەموو وڵاتان مامەڵە بکەین، بەڵام سەرنجی سەرەکیمان لەسەر بازاڕی چینە
2 کاتژمێر پێش ئێستا