ئەنجوومەنی باڵای ڕاوێژکاریى یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆبووەوە

ژوان نیزام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
لۆگۆی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

ئەنجوومەنی باڵای ڕاوێژکاریی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا جەختى لە پەلەکردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ کردەوە، بەرپرسێکى حیزبەکەش دەڵێت بەدەمەوەهاتنى کردارى بۆ دەستپێشخەرییەکەى سەڵاحەدین بەهادین نەبوو.

دوای دەستپێشخەریەکەی ئەمینداری یەکگرتوو

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونى سەڵاحەدین بەهادین ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەچوو، دواى زیاتر لە مانگێک لە دەستپێشخەرییەکەى ئەمیندارى یەکگرتوو بوو بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى حکومەت.

بەدەمەوەچوونی کرداری نەبووە

عومەر محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنەکە بە کەناڵ8ـی گوت "حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە ڕێگەی میدیاکانیان و بە گفتوگۆش بەدەمەوە هاتنی خۆیان بۆ دەستپێشخەرییەکە ڕاگەیاند، بەڵام بە شێوازێکی کردارەکی هیچ شتێکی ئەوتۆمان نەبینی". عومەر محەممەد گوتیشى "ئومێدمان ماوە چونکە لەپێناو بەرژەوەندی گەلی کورددایە بۆ ئەوەی دۆخەکە نەگاتە ئاستێکی مەترسیدار و دەرفەتی زێڕین لەدەست بدرێت".

سەردانەکەی تۆم باراک بۆ هەرێمی کوردستان

عومەر محەممەد جەختی لەوەکردەوە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە یەکدى دوورن و تەنانەت سەردانەکەی تۆم باراک نێردەی تایبەتی ترەمپ نەیتوانی کاریگەری ئەرێنی بۆ لێکنزیکبوونەوەیان دروستبکات. گوتیشی "تەنانەت ئەگەر یەکێتی و نەوەی نوێش ڕێکبکەون پارتی دانی پێدا نانێت، بەبێ هاوبەشی ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارەش ناتوانرێت حکومەت پێکبهێنرێت".

ناوەڕاستى مانگى ئایار سەڵاحەدین بەهادین دەستپێشخەرییەکەى بە بافڵ جەلال تاڵەبانى و مەسعود بارزانى و چەند بەرپرسێکى دیکە گەیاند.

ڕۆژی 20ـی 10ـی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی نەبوونی لێکگەیشتن لەسەر شێوازى حوکمڕانى و دابەشکردنی پۆستەکان نەتوانراوە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حکومەت پێکبهێنرێت.

لە تازەترین پێشهاتدا لە 21ـى حوزەیران، کاروان گەزنەیى گوتەبێژى یەکێتى گوتى، ڕژدن لەسەر ئەو بەڵێنانەى بە هاونیشتمانییانداوە و بەشەراکەتێکى ڕاستەقینە و %50 بە %50 بەشدارى کابینەى نوێ دەکەن.

ژوان نیزام

2 کاتژمێر پێش ئێستا