عەلی زەیدی و ئەردۆغان بە تەلەفۆن قسەیان کرد
ئەردۆغان و عەلی زەیدی بە تەلەفۆن قسەیان کرد و باسیان لە پەیوەندییەکانی بەغداد و ئەنقەرە، پرسی ئاو و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە کرد.
ڕاگەیەیێنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، قسەی کردووە.
تاوتوێی هەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهان
وەک لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، هەردوولا باسیان لە دۆسییەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی کەرکوک-جەیهان و پێکەوە کارکردن بۆ پێشخستنی میکانیزمەکانی هەناردەکردنی نەوت کردووە، لەپێناو ئەوەی نەوتی عێراق بە ئاسانترین ڕێگە بە بازاڕەکانی جیهان بگات.
گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی ئاو
هاوکات زەیدی و ئەردۆغان گفتوگۆیان لەبارەی پرسی ئاو کردووە، بەجۆرێک لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدا بێت، هاوکات باسیان لە واژۆکردنی کۆمەڵێک ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن کردووە لە بوارەکانی غاز و کشتوکاڵ.
جەختکردنەوە لە پێویستی ڕێگەی گەشەپێدان
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، زەیدی و ئەردۆغان، جەختیان لە پێویستی جێبەجێکردنی ڕێگەی گەشەپێدان کردووە، کە "گرنگییەکی" گەورەی بۆ عێراق و تورکیا هەیە.
تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی بەغداد و ئەنقەرە
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەربە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاش، زەیدی و ئەردۆغان باسیان لە پەیوەندییەکانی بەغداد و ئەنقەرە و پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان کردووە.
بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکان
ئەردۆغان بە زەیدی گوتووە، دەیانەوێت پەیوەندییەکان زیاتر بەرەوپێشەوە ببەن، بەتایبەت کە هاوبەشییەکانی هەردوولا لە بوارەکانی وزە، پیشەسازیی بەرگری و گواستنەوە لە ئاستێکی بەرزدایە.
بانگێشتکردنی فەرمی زەیدی بۆ سەردانی ئەنقەرە
وەک سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، ئەردۆغان بە فەرمی زەیدی بانگێشتکردووە سەردانی ئەنقەرە بکات و هیوای خواستووە ئەو سەردانە لە کۆتایی مانگی تەمووز بکرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا