گوته‌بێژی پارتی وەڵامى گوتەبێژى یەکێتى دایەوە

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

گوته‌بێژی پارتی، یەکێتى بە دواخستنى کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، یەکێتی جیاکاریى دروستکردووە و ناهێڵێت یاسا و ڕێنماییە ئیدارى و مالییەکان و پڕۆژەکانى حکومەت لە هەموو سنوورى کوردستان جێبەجێ بکرێن.

یەکێتى دەستیکرد بە کات کوشتن

گوته‌بێژی پارتی لە ڕاگەیێنراوێکدا وەڵامى گوتەبێژى یەکێتى دایەوە و ڕایگەیاند، دواى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، لە کاتێکدا کە پارتی سەردان و دانوستانەکانى چڕکردبووەوە بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێ، یەکێتى دەستیکرد بە کات کوشتن بۆ هەڵنەبژاردنى سەرۆکایەتى پەرلەمان و پێکنەهێنانى کابینەى دەیەم، چونکە لە ناخى خۆیاندا باوەڕیان بە پڕۆسەى دەنگدان و هەڵبژاردن نییە، بۆیە کەوتنە بیانو هێنانەوە.

دەشڵێت، شایستەى هەڵبژاردن لەسەر شەرعییەتى خەڵک پێوانە دەکرێت نەک لەسەر دروشم و ناڕاستى، خەڵکى کوردستان متمانەیان دایەوە بە پارتى، چونکە لێى دڵنیابوون دەستکەوتەکانیان دەپارێزێت، یەکێتى بە هەموو تێبینیەکانیشەوە خاوەنى 23 کورسى پەرلەمانییە.

یەکێتى مافى خەڵک و دەنگدەرانى کوردستانى پیشێل کردووە

لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، پارتى بەرپرسیارانە بەرامبەر ڕێباز و خەباتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەى خۆى و لە ڕوانگەى خەمخۆرى بۆ بەرژەوەندییەکانى هاونیشتمانییانى کوردستان و پاراستنى ماف و دەستکەوتەکان، کە بەخوێن و خەباتى چەندین ساڵە بەدەست هاتوون، چاوپۆشى لە زۆر هەڵوێستى ڕابردوو و ئێستاى یەکێتى کردووە، بەڵام پێویستە ئەوەشیان بۆ ڕاست بکەینەوە کاتێک دەڵێن، یەکێتى سازش لەسەر مافەکانى خەڵکى کوردستان ناکات، ڕاستییەکەى ئەوەیە کە تەنیا یەکێتییە مافى خەڵک و دەنگدەرانى کوردستانى پیشێل کردووە و بووەتە کۆسپ لەبەردەم پڕۆسەى دیموکراسى و کاراکردنەوەى پەرلەمان.

پارتی سازش لەسەر مافی کوردستانیان ناکات

ڕاشیگەیاندووە، یەکێتى تەنیا نوێنەرایەتى دەنگدەرانى خۆى دەکات، ئەو لایەنەى کە نوێنەرایەتى ڕاستەقینە و زۆرینەى خەڵکى کوردستان دەکات، ئەوە پارتى دیموکراتى کوردستانە، ئەمەش متمانە و بڕیارى خەڵکە، بۆیە پارتى هەرگیز سازش لەسەر ماف و ویستى کوردستانییان ناکات و مافەکانیان دەپارێزێت.

گوتەبێژەکەى پارتى لە ڕاگەیێنراوەکەدا دەڵێت، ئەوە یەکێتییە دەیەوێت بە زۆردارى و بەبێ گوێدانە دەنگ و ڕاى خەڵکى کوردستان خۆى بەسەر ئاکام و ئەنجامەکانى هەڵبژاردندا بسەپێنێ و هیچ حیسابێک بۆ دەنگ و ژمارەى کورسى لایەنەکان نەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ کاروان گەزنەیی، گوتەبێژى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئۆباڵی دواخستنی پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەت لە ئەستۆی پارتییە و "دەمانەوێت کابینەی داهاتوو جیاوازی لە نێوان زاخۆ و کەلار نەکات".

کاروان گەزنەیى جەختیکردەوە، سیاسەتی خۆسەپێنی زیان لە هەرێمی کوردستان دەدات و گوتى "پێداگر دەبین لە ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی دەسەڵات لە هەرێمى کوردستان".

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا