باڵیۆزى ئێران لە عێراق: ڕێز لە بڕیارەکانى حکومەتى عێراق بۆ کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت دەگرین
محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزى ئێران لە عێراق ڕایگەیاند، کۆمارى ئیسلامى ئێران ڕێز لە هەر بڕیارێک دەگرێت کە حکومەتى عێراق لەبارەى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت دەیدات.
کۆکردنەوەی چەک بابەتێکی ناوخۆیی عێراقە
محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزى ئێران لە عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى گوتووە، کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت، بابەتێکى ناوخۆیى عێراقە و ڕێز لە هەر بڕیارێک دەگرن کە حکومەتى عێراق لەو بارەیەوە بیدات.
پێویستە گوێ لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق بگیرێت
ڕوونیشیکردەوە، وایدەبینن پێویستە لەو هۆکارانە بکۆڵرێتەوە وا لە گرووپە چەکدارەکانى عێراق دەکات ئارەزووى ئەوە بکەن پارێزگاری لە چەکەکانیان بکەن و پێویستە گوێیان بۆ بگیرێت و لەبارەى قۆناغى دواى کۆکردنەوەى چەک دڵنیاییان پێ بدرێت.
داوای لە هیچ لایەنێک نەکردووە دەستوەردان بکات
لەبارەى بەشداریکردنى گرووپە چەکدارەکانى عێراق لەو جەنگەى کە ئەمریکا و ئیسرائیل دژى ئێران کردیان ئاماژە بەوە دەکات، کۆمارى ئیسلامى ئێران بە توانا و هێزى خۆى شەڕى ئیسرائیل و ئەمریکاى کرد و ئێران داواى لە هیچ لایەنێک نەکرد دەستوەردان بکات، چونکە پێویستى بەوە نەبوو.
ڕێزگرتن لە بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی
سەبارەت بە هەڵبژاردنى عەلى زەیدى بە سەرۆکوەزیرانى عێراق، باڵیۆزى ئێران لە عێراق ئاماژەى بەوە کرد، عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە ئەنجامى بڕیارێکى چوارچێوەى هەماهەنگى هەڵبژێردرا و ئێرانیش هەمیشە ئەوەى ڕاگەیاندووە، ڕێز لە هەر بڕیارێکى چوارچێوەى هەماهەنگى دەگرێت.
ئامادەیی بۆ پەرەپێدانی زیاتر لەگەڵ عێراق
دەشڵێت، ئێران ئامادەیە لە سەرجەم بوارەکاندا پەرەپێدانى زیاتر لەگەڵ عێراق بەدى بهێنێت، بەتایبەتى لە حکومەتى عەلى زەیدیدا و بەهیوان ڕێککەوتنەکانى ڕابردوو لە سەرجەم بوارە ئابووریى و سیاسى و ڕۆشنبیریى و ئەمنییەکان جێبەجێ بکرێن.
لەبارەى ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لەسەر عێراق، محەممەد کازم ئال سادق دەڵێت، شەڕەکە کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە هەبووە.
ڕوونیشیکردەوە، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، وادەکات ئاسایش و سەقامگیرییەکەی بکەوێتە ژێر کاریگەریی ململانێ هەرێمییەکانەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا