فوئاد حسێن و ئەسعەد شەیبانی کۆبوونەوە
فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەی عێراق و ئەسعەد شەیبانی، وەزیرى دەرەوەی سووریا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر چەند پرسێکی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات کرد.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی
کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سووریا، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی بووە لە عەممانی پایتەختی ئوردن.
بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی بەغداد و دیمەشق
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان بەغداد و دیمەشق و پەرەپێدانی هاوکاری هاوبەش لەسەرجەم بوارەکاندا کراوە، کە خزمەت بە گەلی عێراق و سووریا بکەن.
کاراکردنی لیژنە هاوبەشەکانی عێراق و سووریا
فوئاد حسێن و ئەسعەد شەیبانی گفتوگۆیان لەسەر گرنگی چالاککردنی کارەکانی لیژنەی هاوبەشیی عێراق – سووریا کردووەتەوە لەگەڵ بەهێزکردنی هاوکاری ئابووری و بازرگانی و پەرەپێدانی هەماهەنگی لە دۆسییەی سنوورەکان، تاوەکو ببێتە مایەی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری.
پەرۆشی عێراق بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان
فوئاد حسێن پەرۆشی عێراق بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا دووپاتکردووەتەوە و جەختی لە هەماهەنگیی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان کردووەتەوە.
لەلایەن خۆیەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیرى دەرەوەی سووریا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان لەگەڵ عێراق دەربڕیوە و جەختی لە گرنگی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لەگەڵ عێراق کردووەتەوە.
شەیبانی بە فەرمی فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەی عێراقی بانگێشتی دیمەشق کردووە لە نزیکترین کاتدا سەردانی ئەو وڵاتە بکات.
1 کاتژمێر پێش ئێستا