جیاوازیی نێوان دەرکردنی چەوری و توندکردنەوەی سک

سەروەر سالار 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی کەسێک گرفتی چەوریی سکی هەیە
وێنەی کەسێک گرفتی چەوریی سکی هەیە

زۆرجار ئەو کەسانەی دەیانەوێت شێوەی سکیان ڕێک بکەنەوە، وا تێدەگەن کە دەرکردنی چەوری و تووندکردنەوەی سک هەمان نەشتەرگەریین یان بە هەمان شێوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام لە ڕووی پزیشکییەوە، دوو پرۆسەی تەواو جیاوازن و هەر یەکەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی تایبەت بەکاردێت.

دەرکردنی چەوری

ئەم پرۆسەیە تەنیا کاریگەری لەسەر لادانی شانە چەورییە زیادەکان دەکات کە لەژێر پێستدا کۆبوونەتەوە و بە وەرزش و ئەنجامدانی  پارێزی خۆراکی چەوریەکە لاناچێت.

چۆنیەتیی ئەنجامدانی دەرکردنی چەوری

دەرکردنی چەوری لە ڕێگەی کونی زۆر بچووکەوە دەکرێت، بۆرییەکی باریک دەخرێتە ژێر پێستی سک و چەورییەکان لادەبرێن.

ئایا دەرکردنی چەوری کێشەی شلبوونەوەی پێست ناهێڵێت؟

 نەخێر، ئەم نەشتەرگەرییە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پێستی شل یان ماسولکەکانی سک نییە.

ئەنجامدانی دەرکردنی چەوری بۆ کێ گونجاوە؟

ئەنجامدانی دەرکردنی چەوری بۆ ئەو کەسانەی کە کێشیی جەستەیان جێگیرە یان نزیکن لە کێشی گونجاوی جەستە، بەڵام چەوری کۆبووەوەیان لە ناوچەی سکیاندا هەیە و پێستی سکیان هێشتا تووندە و شل نەبووەتەوە.

توندکردنەوەی سک

ئەم نەشتەرگەرییە پرۆسەیەکی گشتگیرترە نەک هەر چەوری، بەڵکو پێستە زیادەکە لادەبات و ماسولکەکانی دیواری سکیش ڕێکدەخاتەوە.

چۆنیەتیی ئەنجامدانی پرۆسەی توندکردنەوەی سک

پێویستە شەقبوونێکی ئاسۆیی لە بەشی خوارەوەی سکدا بکرێت (هاوشێوەی شەقی نەشتەرگەریی منداڵبوون بەڵام درێژتر). لەم ڕێگەیەوە پزیشک ماسولکە شلبووەکانی سک توند دەکاتەوە، پێستە زیادەکە دەبڕێت، لایدەبات و شوێنی ناوکیش ڕێکدەخاتەوە.

ئایا توندکردنەوەی سک کێشەی پێستی شل بووەوە ناهێڵێت؟

 بەڵێ، توندکردنەوەی سک بە تەواوی پێستە شل و شۆڕبووەکانی سک لادەبات.

ئایا  توندکردنەوەی سک بۆ کێ گونجاوە؟

 توندکردنەوەی سک بۆ ئەو خانمانەی کە دوای چەند جارێک لە منداڵبوون سکیان بە تەواوی شل بووەتەوە و ماسولکەکانی سکیان لەیەک جیابوونەتەوە، یان بۆ ئەو کەسانەی دوای دابەزاندنی کێشێکی جەستەیان بە ڕێژەیەکی زۆر ئەنجامداوە و  بڕێکی زۆر پێستی شۆڕبوو لەسەر سکیان جێماوە، پێویستن.

د.شاخەوان مەحلان

پزیشکی پسپۆڕی وردی نەشتەرگەریی قەڵەوی

سەروەر سالار

2 کاتژمێر پێش ئێستا