کابینەی نۆیەم و ئازادیی ڕادەربڕین؛ لە زیندانیکردنی ڕۆژنامەوانانەوە تا داخستنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

لە مێژووی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، چەندین ڕۆژنامەنووس و چالاکوان ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و سزادان بوونەتەوە و ئازادیی ڕادەربڕین بە شێوەیەکی بەرچاو بەرتەسک کراوەتەوە.

شێروان شێروانی؛ 6 ساڵ زیندانیکردن و دروستکردنی دۆسیەی نوێ

شێروان شێروانی یەکێکە لە دیارترین ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ساڵی 2020ـەوە بە تۆمەتی تێکدانی سەقامگیری دەستگیرکراوە و سزای 6 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە. بەگوێرەی گوتەی پارێزەرەکەی، ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی ئامادە نەبووە ڕێککەوتن بۆ ئازادکردنی بکات، دۆسیەیەکی دیکەی بە تۆمەتی "هێرش و هەڕەشە بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان" بۆ دروستکراوەتەوە تاوەکو لە زیندان بمێنێتەوە.

قارەمان شوکری؛ 6 ساڵ مانەوە لە زیندان بەبێ ئازادکردن

ڕۆژنامەنووس قارەمان شوکری یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی کە نزیکەی 6 ساڵە لە زینداندایە. ناوبراو لە 21ـی کانوونی دووەمی 2021 لە گوندی سیرێی سەر بە کۆمەڵگەی شیلادزێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. لە کاتی دەستگیرکردنیدا، دەست بەسەر تەواوی کەرەستەکانی وێنەگرتن و کۆمپیوتەرەکەیدا گیراوە و تاوەکو ئێستاش ئازاد نەکراوە.

سلێمان ئەحمەد؛ بێتاوان دەرچوون دوای 454 ڕۆژ زیندانیکردن

سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 لە کاتی گەڕانەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە لە دەروازەی سێمێلکا دەستگیرکرا. هەرچەندە لەلایەن دادگای دهۆکەوە بە 3 ساڵ زیندانی سزادرا، بەڵام دواجار دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە و دوای 454 ڕۆژ مانەوە لە زیندان، بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکرا.

داخستنی نووسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی (NRT)

پێشێلکارییەکان تەنیا ڕۆژنامەنووسانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو دەزگاکانی ڕاگەیاندنیشی گرتووەتەوە. ماوەی زیاتر لە 6 مانگە نووسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک لەلایەن لایەنە ئەمنییەکانەوە داخراون. سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان، تاوەکو ئێستا ڕێگە بەو کەناڵە نەدراوە نووسینگەکانی لەو دوو پارێزگایە بکاتەوە.

ئاماری پێشێلکارییەکان:

شێروان شێروانی: نزیکەی 6 ساڵە لە زینداندایە.

قارەمان شوکری: 6 ساڵە لە زینداندایە.

سلێمان ئەحمەد: 454 ڕۆژ لە زینداندا مایەوە.

کەناڵی NRT: ماوەی 6 مانگە نووسینگەکانی لە هەولێر و دهۆک داخراون.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا