هۆکار و چارەسەرەکانی بۆنی ناخۆشی ناودەم
سەروەر سالار 1 کاتژمێر پێش ئێستا
بۆنی ناخۆشی ناودەم گرفتێکی تەندروستیی باوە لە ناو هاونیشتمانییان، دەکرێت بۆنی ناخۆشی ناودەم نیشانەی بوونی نەخۆشیی دیکە بێت، د. بانە هیدایەت، پزیشکی ڕاهێنراوی نەخۆشییەکانی دەم و ددان، هۆکار و چارەسەرەکانی بۆنی ناخۆشی ناودەم دەخاتەڕوو.
هۆکارەکانی بۆنی ناخۆشی ناودەم چین ؟
باوترین هۆکارەکانی بۆنی ناخۆشی ناودەم، بریتین لە:
- کۆبوونەوەی بەکتریا : پاشماوەی خۆراک لە نێوان ددانەکان و لەسەر زمان دەبێتەهۆی گەشەکردنی بەکتریا و دروستبوونی بۆنی ناخۆشی ناودەم
- وشکبوونی ناودەم : لیک دەم پاک دەکاتەوە، کاتێک دەم وشک دەبێتەوە، لە کاتی خەوتن یان بەهۆی کەمخواردنەوەی ئاو و جگەرەکێشان، دەبێتەهۆی دروستبوونی بۆنی ناخۆشی ناودەم
- کێشەی پووک و ددان : ڕزیویی ددان (کلۆری ددان) و هەوکردنی پووک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بۆنی ناخۆشی ناودەمن
چارەسەری بۆنی ناخۆشی ناودەم چییە؟
باوترین چارەسەرەکانی بۆنی ناخۆشی ناودەم، بریتین لە:
- پاککردنەوەی زمان : بەشێکی زۆری بەکتریای ناودەم لەسەر بەشی کۆتایی زمان دەنیشێت، بە بەکارهێنانی فڵچەی ددان بۆ سەر زمان دەتوانرێت ئەم گرفتە کەم بکرێتەوە
- بەکارهێنانی پەتی ددان: چونکە فڵچەی ددان ناتوانێت نێوان ددانەکان پاک بکاتەوە، پاشماوەی خۆراکی نێوان ددانەکان ئەگەر لانەبرێن دەبنەهۆی دروستبوونی بۆنی ناخۆشی ناودەم
- ئاو خواردنەوەی بەردەوام بۆ ئەوەی هەمیشە دەم بە شێداری بمێنێتەوە و لیک دەربکات کە دژە بەکتریایەکی سروشتییە
- بەکارهێنانی غەرغەرەی دەم (بێ کحول) : غەغەرەی دەم یارمەتیی لەناوبردنی بەکتریاکان دەدات، بەڵام دەبێت بێ کحول بێت بۆ ئەوەی دەم وشک نەکاتەوە
- بۆنخۆشکردنی دەم تەنیا بە بەکارهێنانی هەویری ددان نابێت
سەروەر سالار
1 کاتژمێر پێش ئێستا