عێراق کێبڵیان لێ دەکڕێت و هەرێمیش هاوردەی دەکات؛ کارگە ناوخۆییەکان گلەیی لە وەزارەتی کارەبا دەکەن
سێ کارگەی گەورەی بەرهەمهێنانی کێبڵ لە هەرێمی کوردستان هەن کە دەتوانن پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکەنەوە، بەڵام وەزارەتی کارەبا بەرهەمی تورکی بەسەر کارگەکانی ناوخۆدا هەڵدەبژێرێت.
بێبەشکردنی کارگە ناوخۆییەکان لە پڕۆژەکانی حکومەت
جەبار عەلی، خاوەنی کارگەی بەرلین لە عەربەت ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ناوی کارگەکەیان لە "ڤێندەر لیستی" وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستاندایە و لە پشکنینی کوالێتی دەرچوون، بەڵام وەزارەت کێبڵیان لێ ناکڕێت. ئاماژەی بەوەش کرد، بە شاهیدی ئەندازیارانی وەزارەت، نرخ و کوالێتیی کێبڵەکانی ئەوان لە بەرهەمی هاوردەکراوی تورکی باشترە.
توانای بەرهەمهێنان و ئاستی تەکنیکیی کارگەکان
لە هەرێمی کوردستان 3 کارگەی دروستکردنی کێبڵ هەن (2 لە سلێمانی و 1 لە هەولێر). جەبار عەلی جەختی کردەوە کە ئامێرەکانیان لە ئەڵمانیاوە هێناوە و تەنانەت کارگەی دروستکردنی بەکرەی کێبڵیشیان دامەزراندووە. ئەم کارگانە توانای ئەوەیان هەیە تەواوی پێداویستیی کێبڵی کارەبایی عێراق و هەرێمی کوردستان دابین بکەن.
گرێبەست لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و کەرتی تایبەت
بە پێچەوانەی وەزارەتی کارەبای هەرێم، حکومەتی عێراق گرێبەستی بە بڕی 6 ملیار دینار لەگەڵ ئەم کارگانە واژۆ کردووە و کێبڵیان لێ دەکڕێت. هەروەها لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، کەرتی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان پشت بە بەرهەمی ئەم کارگانە دەبەستن.
کەرەستەی خاو و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان
بۆ بەرهەمهێنانی کێبڵەکان، مس لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە و دووبارە دەتوێنرێتەوە، هەروەها بڕێکی دیکەشی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت. کوالێتیی مسەکە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دەگاتە %99.9. کارگەکان پلانیان هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا کێبڵی "زەخت عالی" (High Tension) بەرهەمبهێنن، کە بەوەش پێویستیی عێراق بە هاوردەکردنی کێبڵی دەرەکی نامێنێت.
بێدەنگیی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە هۆکاری کڕینی کێبڵی بیانی و پشتگوێخستنی کارگەکانی ناوخۆ، کەناڵ 8 چەند جارێک پەیوەندی بە بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوون لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدەن.
1 کاتژمێر پێش ئێستا