ئەمریکا گەمارۆی نەوتی سەر ئێرانی هەڵگرت و 12 ملیار دۆلار ئازاد کرا

کەناڵ8 1 کاتژمێر پێش ئێستا
ئەمریکا گەمارۆی نەوتی سەر ئێرانی هەڵگرت و 12 ملیار دۆلار ئازاد کرا
ئەمریکا گەمارۆی نەوتی سەر ئێرانی هەڵگرت و 12 ملیار دۆلار ئازاد کرا

دانوستانە تەکنیکییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە سویسرا کۆتاییان هات و ئەنجامەکەی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە دۆسیەی گەمارۆکان و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێرانی لێکەوتەوە.

پێکهێنانی 4 تیمی پسپۆڕ بۆ بەڕێوەبردنی ڕێککەوتنەکە

کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی دانوستانە تەکنیکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکای لە سویسرا ڕاگەیاند. ئاشکرای کرد کە لەسەر بنەمای ئەم دانوستانانە، 4 تیمی کاری پسپۆڕ پێکهێنراون کە ئەرکیان کارکردن دەبێت لەسەر دۆسیەکانی هەڵگرتنی گەمارۆکان، کاروباری ئەتۆمی، ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری، لەگەڵ چاوەدێریکردن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان.

مۆڵەتی فرۆشتنی نەوت و ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار

فەرمانگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەوەی ئەمریکا (OFAC) مۆڵەتێکی گشتیی دەرکردووە کە ڕێگە بە فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران دەدات. هاوکات، ڕێککەوتنی ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و بڕیارە ئەم پارەیە بە 2 گوژمە و هەر گوژمەیەکیان 6 ملیار دۆلار بێت، ڕادەستی ئێران بکرێتەوە.

ئاسایشی گەرووی هوورمز و یەکەی پێشگیری لە ململانێ لە لوبنان

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، میکانیزمێک بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هوورمز پەسەند کراوە. هەروەها بڕیار دراوە بە بەشداریی وڵاتانی پاکستان و قەتەر، یەکەیەکی تایبەت بە "پێشگیری لە ململانێکان" لە لوبنان دابمەزرێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

کەناڵ8

1 کاتژمێر پێش ئێستا