ئاسایشی نیشتمانی و دەستەی دەستپاکی 5 فەرمانبەری خاڵێکی گومرگییان لە کەرکووک دەستگیرکرد
بەیانی ئەمڕۆ لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشدا، چەند فەرمانبەرێکی خاڵی گومرگیی بازگەی چیمەن لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەستیپێکردووە.
وردەکاریی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکە
بەیانی ئەمڕۆ، هێزێکی هاوبەشی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و نووسینگەی کەرکووکی دەستەی دەستپاکی، چوونەتە خاڵێکی گومرگی لە نزیک بازگەی چیمەن. لە کاتی دەوامی فەرمیدا، هێزەکە ژمارەیەک فەرمانبەری ناو خاڵە گومرگییەکەیان دەستگیرکردووە.
ناسنامە و دۆخی یاسایی دەستگیرکراوەکان
بەپێی زانیارییەکانی هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک، دەستگیرکراوەکان لە 5 فەرمانبەر پێکهاتوون. تاوەکو ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ هەر پێنج فەرمانبەرەکە کراوەتەوە، بەڵام هێشتا ئەو ماددە یاساییەی کە بەپێی ئەو دەستگیرکراون بە فەرمی بۆ میدیاکان ڕانەگەیەندراوە.
گلەیی و ناڕەزایەتییەکان لە شێوازی کارکردن
ئەم خاڵە گومرگییە دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکیی کەرکووک - سلێمانی. پێشتر هاونیشتمانییان، فرۆشیاران و بازرگانان بەردەوام ڕەخنەیان لە شێوازی مامەڵەکردن و کارکردنی فەرمانبەرانی ئەو خاڵە گومرگییە هەبووە، ئەم ئۆپراسیۆنەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چاودێریکردنی خاڵە سنووری و گومرگییەکان ئەنجامدراوە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا