وەزارەتى دارایی هۆشدارى دەداتە مووچەخۆران لەبارەى هەژمارى من و کارتى بانکى مووچەکانیان
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هۆشداریی بەپەلە دەداتە سەرجەم مووچەخۆران و ڕایدەگەیەنێت، کۆتایی مانگی ئاب دوایین وادەیە بۆ خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەی "هەژماری من"؛ بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداش، هەر کەسێک تا ئەو بەروارە کارتی بانکیی وەرنەگرتبێتەوە، مووچەکەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە ڕادەگیرێت.
ڕاگرتنی مووچەی ئەو کەسانەی هەژماری بانکییان نییە
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە دوایین وادە بۆ پڕکردنەوەی هەژماری من کۆتایی مانگی ئابە و بەگوێرەی ئەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کراون، هەرکەسێک هەژماری بانکیی نەبێت ئەوا مووچەکەی ڕادەگیرێت.
دیاریکردنی مۆڵەتی سێ مانگ بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە بەرواری 22ی حوزەیرانی 2026 دەرچووە و لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری داراییەوە واژۆ کراوە و ئاڕاستەی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت نێردراوە، تێیدا هاتووە: "لە دوایین کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران، بڕیاردرا بە دانانی کۆتا مۆڵەت بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ تەواوکردنی گشت ڕێکارەکانی تۆمارکردنی سەرجەم سوودمەندانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەژماری مندا."
ڕاگرتنی شایستەی دارایی مووچەخۆران لەلایەن بەغداوە
وەزارەتی دارایی و ئابووری لەبارەی سزای خۆتۆمارنەکردنەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، بەگوێرەی بڕیاری حکومەتی فیدراڵی، هەر فەرمانبەرێک تاوەکو 31ی ئابی 2026 ئەگەر هاتوو خۆی تۆمار نەکردبێت و کارتی بانکییەکەی وەرنەگرتبێتەوە، شایستەی دارایی مووچەکەی لەلایەن حکومەتی بەغداوە ڕادەگیرێت و نانێردرێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
کاتی پێویست بۆ دروستکردنی کارتەکان و ڕێکاری بەپەلە
وەزارەتی دارایی و ئابووری لەبارەی ماوەی دروستکردنی کارتەکانەوە ئەوەی دووپاتکردووەتەوە، پڕۆسەی دروستکردنی کارتەکان لە کاتی خۆتۆمارکردنەوە نزیکەی مانگێک دەخایەنێت لەلایەن بانکەکانەوە، بۆیە بۆ ئەم مەبەستە لە زووترین کاتدا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکان ئاگادار بکەنەوە، کە ڕێکاری پێویست و بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە تەواوی سوودمەندان خۆیان تۆمار کردووە و کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا