بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى خانەنشینان: ساڵى داهاتوو عێراق 12 مووچەى خانەنشینى خەرج دەکات
بەپێی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنی داوە ساڵی داهاتوو پاداشتی 12 مووچەی خانەنشینی بۆ نزیکەی 50 هەزار خانەنشینی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، کە بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە تاوەکو ئێستا دواکەوتووە و بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم داتا و زانیارییە پێویستەکان ڕادەستی بەغدا کراون.
خەرجکردنی پاداشتی 12 مووچەی خانەنشینان لە ساڵی داهاتوودا
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانیان کە لە بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، بەغدا ساڵی داهاتوو پاداشتی خانەنشینیی 12 مووچەکە بۆ خانەنشینانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات کە ژمارەیان نزیکەی 50 هەزار خانەنشینە.
ناردنی داتاکان بۆ بەغدا و هۆکاری دواکەوتنی پاداشتەکە
بەگوێرەی بڕیاری پاداشتی خانەنشینان، سەرجەم ئەو خانەنشینانەی لەدایکبووی ساڵانی 1962 تاوەکو 1966ن و 25 ساڵ خزمەتیان هەبووە، پاداشتی 12 مووچەکەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ خەرج نەکراوە. لەسەر ئەم پرسەش سێجار بەرپرسی بەشی ژمێرکاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینان سەردانی بەغدای کردووە و سەرجەم داتا و زانیارییەکان و بڕی پارەی نەدراوی پاداشتی خانەنشینانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە. وەڵامی حکومەتی ناوەندیش ئەوە بووە کە بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە نەیانتوانیوە ئەو بڕە پارەیە خەرج بکەن، بۆیە بەڵێندراوە هەرکات یاسای بودجە هەبێت ئەوا 12 مووچەکە خەرج دەکەن.
چاوەڕوانکردنی پەسەندکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2027
هۆکاری خەرجنەکردنی لە ئێستادا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵی 2026 نەبووە، بۆیە چاوەڕێین پاش پەسەندکردنی بودجەی 2027 و دەرچوونی ڕێنمایی بۆ خەرجییەکان، وەزارەتی دارایی عێراق سەرجەم پاداشتی 12 مووچەی خانەنشینان بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، کە لەو بارەیەوە هیچ ڕێگرییەک بۆ خەرجکردنی نییە.
یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی فیدراڵ
لە هەرێمی کوردستان یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی فیدراڵ ژمارە 9ی ساڵی 2014 بەرکارکرا، بەو هۆیەوە لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشین کران.
مەرجەکانی وەرگرتنی پاداشتی 12 مووچەکە
بەگوێرەی یاساکە، هەر خانەنشینێک خزمەتی لە 25 ساڵ زیاتر بێت، 12 مووچەی پاداشتی کۆکراوەی خزمەتی پێدەدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەغدا ئەو پاداشتەی بۆ خانەنشینانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکردووە.
خەرجکردنی پاداشتی مۆڵەتی کۆکراوەی شەش مانگ
ئەمە لەکاتێکدایە، هەموو خانەنشینێک لە کاتی خانەنشینبوونیدا مافی وەرگرتنی مووچەی شەش مانگی هەیە کە پێی دەگوترێت "پاداشتی مۆڵەتی کۆکراوە" و سەرجەم خانەنشینان ئەو بڕە پارەیەیان لە فەرمانگەکەی خۆیان بۆ خەرجکراوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا