بۆچی ژەهری مشک کاریگەریی نەماوە؟

پێشەوا جەلال 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بەهۆی گۆڕانی پێکهاتەی بۆماوەییانەوە، دەرمانە باوەکانی کۆنترۆڵکردنی جرج و مشک کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەماوە
بەهۆی گۆڕانی پێکهاتەی بۆماوەییانەوە، دەرمانە باوەکانی کۆنترۆڵکردنی جرج و مشک کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەماوە

پاش ئەوەی لە شارەکانی ئەمریکا سەنتەرەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تێبینی ئەوەیان کرد ژەهری مشک و جرج کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەماوە، تیمێکی پسپۆڕیان ڕاسپارد کە توێژینەوە بکەن و هۆکاری ئەمە ڕوون بکەنەوە.

توێژەرانی زانکۆی ڕەتگەرس لێکۆڵینەوەیان لە نزیکەی 300 مشکی ناوماڵ و مشکی نەرویجی کرد کە دوو بڵاوترین جۆری مشکن لە شارەکاندا.

لە توێژینەوەکەدا دەرکەوت نزیکەی 84%ـی مشکەکان جۆرە بازدانێکی بۆماوەییان هەبووە لە دەیانپارێزێت لە ژەهراویبوون بەو جۆرە ژەهرە باوانەی کە بەکاردەهێنرێن.

زۆرینەی ژەهری مشک و جرج لە ماددەیەک پێکدێت کە خوێن ڕوون دەکاتەوە و ئەگەری خوێنبەربوون زیاددەکات، کاتێک مشکەکە ژەهرەکە دەخوات تووشی خوێنبەربوونی مێشک دەبێت و دەستبەجێ دەمرێت.

پسپۆڕان نیگەرانن لە ئەنجامەکانی توێژینەوەکە و دەڵێن، دەکرێت لە داهاتوودا کۆنترۆڵکردنی مشک و جرج ئەستەم بێت و بڕێکی زۆر زیاتر ماددەی ژەهراوی بەکار بهێنرێت، ئەمەش پیسبوونی ژینگە زیاددەکات. لە هەمانکاتدا ئەو ئاژەڵانەی بێ زیانن، بۆ نموونە کوندەپەپوو، کاتێک مشکێکی کوژراو بە ژەهرەکە دەخۆن، تووشی خوێنبەربوون ببن و بمرن.

پێشەوا جەلال

2 کاتژمێر پێش ئێستا