بۆ یەکەمجار دەرمانێک بۆ دواخستنی شەکرەی جۆری یەک بەکاردەهێنرێت
دەزگای تەندروستیی نیشتمانی ئینگلاند و وەیڵز بۆ یەکەمجار دەرمانێکی بۆ دواخستنی شەکرەی جۆری یەک پەسەند کردووە – ئەمە یەکەم دەرمانە کە گۆڕانکاری لە شێوازی دەستپێکردنی شەکرەی جۆری یەکدا دەکات.
شەکرەی جۆری یەک نەخۆشییەکی درێژخایەنە و هۆکارەکەی نەزانراوە، بەڵام بەهۆی هێرشی خانە بەرگرییەکان بۆ ئەو خانانەی لە پەنکریاسدا ئینسۆلین دەردەدەن ڕوودەدات.
دەرمانەکە ناوی تێپلیزوماب (تزیڵد)ـە و سەر بە گروپی دەرمانە بەرگرییەکانە. تێپلیزوماب کاریگەرییەکەی لەسەر هێرشی سیستمی بەرگرییە بۆ ئەو خانانەی ئینسۆلین دەردەدەن.
ئەم دەرمانە بۆ چارەسەری شەکرەی جۆری یەک نییە، بەڵکوو بۆ دواخستنی نەخۆشییەکەیە بە چەند ساڵێک. پسپۆڕان دەڵێن دەکرێت دەرمانەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ نەخۆشییەکە دوابخات.
سوودی ئەمە لەوەدایە بەشێکی بەرچاوی منداڵان کاتێک تووشی نەخۆشییەکە دەبن ناتوانن ئاگایان لەخۆیان بێت و ڕاهێنانێکی زۆریان دەوێت بۆ بەکارهێنانی ئینسۆلین، بەڵام بە دواخستنی نەخۆشییەکە دەکرێت منداڵەکە فێر بکرێت و لە هەمانکاتدا کاتی زیاتر هەیە بۆ قبوڵکردنی نەخۆشییەکە بەبێ ئەوەی کاریگەریی نەخوازراوی هەبێت.
دەرمانەکە بەکێ دەدرێت؟
- ئەوانەی تەمەنیان لە هەشت ساڵ زیاترە
- ئەوانەی شەکرەی جۆری یەکیان هەیە بەڵام هێشتا نیشانەیان تێدا دەرنەکەوتووە
گرنگیی ئەم دەرمانە لە چیدایە؟
- بۆماوەی 100 ساڵە تەنیا ئینسۆلین بۆ چارەسەری گرفتەکە بەکاردەهێنرێت
- هەرچەندە چارەسەری یەکجاری نییە، بەڵام شێوازی دەرکەوتنی نەخۆشییەکە دەگۆڕێت و دوایدەخات
- ئەم دەرمانە هیوایەکە بۆ پەرەپێدانی توانای ڕێگری لە نەخۆشییە دژەخۆبەرگرییەکان
2 کاتژمێر پێش ئێستا