گفتوگۆ تەکنیکییەکانی ئێران و ئەمریکا تەواوبوون؛ لیژنەیەک بۆ پرسی سزاکان و دۆسییەی ئەتۆم پێکدەهێنرێت

سامیا حەسەن 1 کاتژمێر پێش ئێستا
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی تیمی دانوستانە تەکنیکییەکانی ئێران
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی تیمی دانوستانە تەکنیکییەکانی ئێران

سەرۆکی تیمی دانوستانە تەکنیکییەکانی ئێران کۆتاییهاتنی گفتوگۆکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکای لە سویسرا ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە لەسەر چوارچێوەی دانوستانەکانی داهاتوو، پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی چاودێری و میکانیزمی ئازادکردنی 12 ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر چوارچێوەی دانوستانەکانی داهاتوو

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی تیمی دانوستانە تەکنیکییەکانی ئێران لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆکانەوە ڕایگەیاند، دوای گفتوگۆ و دانوستانی چڕ لە نێوان تاران و واشنتن بە نێوەندگیریی ئیسلامئاباد و دەوحە لە سویسرا گەیشتنە ڕێککەوتن، لەباری دیاریکردنی چوارچێوە و چۆنییەتیی جێبەجێکردنی میکانیزمەکانی دانوستانەکانی داهاتوو.

بڕیاردان لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکان

کازم غەریب ئابادی لەبارەی ناوەڕۆکی دانوستانە تەکنیکییەکانەوە گوتی، لە دانوستانی تەکنیکیدا بڕیار لەبارەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن درا.

ئاستی بەشداریی لایەنەکان لە دانوستانەکانی داهاتوودا

ناوبراو لەبارەی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی داهاتووەوە گوتی، دانوستانەکانی داهاتوو بە سەرپەرشتیی لیژنەی باڵا و بە ئامادەبوونی سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی پاکستان و قەتەر بەڕێوە دەچێت.

پێکهێنانی لیژنەی تایبەت بە سزاکان و بەرنامە ئەتۆمییەکە

کازم غەریب ئابادی لەبارەی پێکهێنانی لیژنەی هاوبەشەوە ڕایگەیاند، هەر لە دانوستانە تەکنیکییەکاندا بڕیاردرا لیژنەیەک لەبارەی پرسەکانی پەیوەست بە کۆتاییهێنان بە سزاکان، بەرنامە ئەتۆمییەکە، ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری لە ئێران، چاودێریکردن و جێبەجێکردن پێکبهێنرێت.

کەناڵی پەیوەندی بۆ پرسی گەرووی هورمز و لوبنان

سەرۆکی تیمی دانوستانە تەکنیکییەکانی ئێران لەبارەی پاراستنی سەلامەتیی کەشتیوانی و دۆخی ناوچەکەوە گوتی، لە کۆبوونەوە تەکنیکییەکاندا بڕیاردرا کەناڵێکی پەیوەندی لە نێوان هەر چوار وڵاتی ئەندام (ئێران، ئەمریکا، پاکستان و قەتەر) لە یاداشتنامەکە پێکبهێنرێت، بۆ پرسەکانی پەیوەست بە تێپەڕاندنی سەلامەتیی کەشتییە بازرگانییەکان بەناو گەرووی هورمزدا و هەروەها ڕێگریکردن لە ململانێکان لە لوبنان.

ڕێککەوتن لەسەر فرۆشتنی نەوت و ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار

غەریب ئابادی لەبارەی پرسی نەوت و پارە بلۆککراوەکانەوە گوتی، لە کاتی دانوستانە تەکنیکییەکاندا بەدواداچوونی پێویست کراوە بۆ پرسەکانی پەیوەست بە فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیایی و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران بەبێ هیچ سانسۆرێک، هەروەها لێکتێگەیشتنەکانی پەیوەست بە ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێرانیش گفتوگۆی لەسەر کرا، کە تێیدا ڕێککەوتن کرا بەوەی ئەو لێکتێگەیشتنە واژۆکراوانەی سەبارەت بە ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار پارە بلۆککراوەکەی ئێران هەبووە، بە دوو قۆناغ جێبەجێ بکرێت.

دەستپێکردنی دانوستانە سیاسییەکان بە نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان

دانوستانی سیاسیی نێوان تاران و واشنتن 21ی ئەم مانگە بە نێوەندگیریی پاکستان و قەتەر لە سویسرا دەستیپێکرد، دواتر شاندی هەردوو وڵات گەڕانەوە وڵاتەکانیان و ئەو کات ڕایانگەیاند، دانوستانە تەکنیکییەکان بەردەوامییان دەبێت.

تەوەرە سەرەکییەکانی دانوستانە تەکنیکییەکانی تاران و واشنتن

  • دیاریکردنی چوارچێوەی دانوستانەکان
  • پێکهێنانی لیژنەی باڵا
  • میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکە
  • پێکهێنانی ژمارەیەک لیژنەی تەکنیکی
  • کەناڵێکی پەیوەندی لە نێوان لایەنەکاندا
  • ئازادکردنی 12 ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران
سامیا حەسەن

1 کاتژمێر پێش ئێستا