ئیسماعیل بەقائی: پارە بلۆککراوەکانمان وەرگرتەوە و توانا مووشەکییەکانمان گفتوگۆ هەڵناگرن
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بوو کە ئەمڕۆ سێشەممە 23/6/2026 بەڕێوەچوو ڕایگەیاند پارە بلۆکراوەکان ئازادکراون و کاراکردنی مۆڵەتی فرۆشتنی نەوت پشتڕاست دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا هێڵە سوورەکانی وڵاتەکەی لە دۆسیەی بەرگریدا دووپات دەکاتەوە.
سەروەریی سەربازی و توانا مووشەکییەکانی ئێران
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پرسەکانی تایبەت بە توانا مووشەکی و بەرگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ شێوەیەک بابەتی گفتوگۆ نین. جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە لە ڕابردوودا بەشێک نەبووە لە وتووێژەکان و لە داهاتووشدا نابێتە بابەتی هیچ دانوستانێک لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکاندا.
ئازادکردنی داراییەکان و دەستپێکردنەوەی فرۆشتنی نەوت
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاشکرای کرد کە پارە بلۆککراوەکانی ئێران بە تەواوی ئازاد کراون و گەیشتووەتە دەست تاران. ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی ئێران بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەی بڕیار لەسەر چۆنێتی خەرجکردنی ئەو پارانە دەدات. هەروەها ڕایگەیاند کە بڕیاری ڕێگەپێدان بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران بە فەرمی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە و پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا
بەقائی باسی لەوە کرد کە لە ڕۆژانی داهاتوودا وردەکاریی زیاتر لەبارەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە بڵاو دەکرێتەوە. پشتڕاستیشی کردەوە کە شاندی ئێرانی بەهۆی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکاوە کۆبوونەوەکانی سویسرای جێهێشتووە. هەروەها ڕوونی کردەوە کە جگە لە چوارچێوەی دانوستانە فەرمییەکان، هیچ پەیامێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتندا ئاڵوگۆڕ نەکراوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا