لە نەینەوا هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆیی سەر هێڵەکانی کارەبا دەستی پێکرد؛ سزای سەرپێچیکاران دەگاتە حەوت ساڵ زیندان

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا

پارێزگای نەینەوا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای باکوور و هێزە ئەمنییەکان، هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ لابردنی زیادەڕۆیی سەر هێڵەکانی کارەبا دەست پێکردووە؛ ئەمەش بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە قەیرانی کەمبوونی کاتژمێرەکانی پێدانی وزە و پاراستنی داهاتی گشتی، هاوکات بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، سزای سەرپێچیکاران لە ساڵێکەوە تاوەکو 7 ساڵ زیندانی دەبێت.

هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی کارەبا

پارێزگای نەینەوا بۆ لادانی زیادەڕۆ لەسەر هێڵەکانی کارەبا و کۆتاییهێنان بە قەیرانی کەمی کارەبا، کۆبوونەوەیەکی باڵا و فراوانی لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای باکووری کرد، بەگوێرەی بەرپرسان لابردنی زیادەڕۆ لەسەر هێڵەکانی کارەبا، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە.

لێپێچینەوە بە گوێرەی یاسا

پارێزگاری نەینەوا جەختدەکاتەوە لەسەر گرنگی پتەوکردنی هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابەشکردنی کارەبا و ئەنجامدانی هەڵمەتی بەردەوام بۆ لابردنی زیادەڕۆکان و لێپێچینەوە لە سەرپێچیکاران بەگوێرەی یاسا، هەروەها هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لە چۆنیەتی بەکارهێنانی کارەبا.

قەبارەی بەهەدەرچوونی وزە لە پارێزگاکەدا

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لەبارەی دەستبەکاربوونی لیژنەکان و قەبارەی بەهەدەرچوونی کارەباوە ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ لیژنەکان دەستبەکاردەبن لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا لە سنووری پارێزگاکە، ئەرکی ئەوان لادانی زیادەڕۆکانە بۆ کۆتاییهێنان بەو دیاردەیە و کەمکردنەوەی قەیرانی کارەبا، هەروەها کەمکردنەوەی بەهەدەرچوونی کارەبا و وەک یەک تیم کاردەکەین و هاوکاریان دەبین چونکە بەهەدەرچوونێکی زۆری کارەبای نیشتمانی هەیە و بڕی 40٪ـی ئەو بەهەدەرچوونە دەکەوێتە سنووری نەینەوا".

پشکی کارەبای نەینەوا

بەگوێرەی بەڕێوەبەری گشتی کارەبای نەینەوا، پشکی نەینەوا لە کارەبا دەگاتە نزیکەی 9٪ لە کۆی بەرهەمی کارەبا، بۆ پاراستنیشی هەماهەنگی دەکرێت لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بۆ لابردنی زیادەڕۆ لەسەر سیستمی کارەبا.

زیادبوونی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی

خەلەف زەیدان، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ناوچەی باکوور لەبارەی دیاریکردنی پشکی پارێزگاکە و سوودەکانی ئەم هەڵمەتە گوتی، "پشکی پێدانی کارەبا بە پارێزگا لەلایەن لیژنەی هەماهەنگی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دیاریدەکرێت و پشکی نەینەوا لە بەرهەمی کارەبای ڕۆژانە، 9٪ـیە و بەگوێرەی ئەم ڕێکارە نوێیانەی دەیگرینەبەر بۆ لابردنی زیادەڕۆ، بڕێکی زۆری کارەبا دەگەڕێتەوە و وادەکات چەند کاتژمێرێک زیادبێت، جیا لە پاراستنی داهاتی گشتی و هەماهەنگی تەواو دەکرێت بۆ لابردنی زیادەڕۆکان و کەمکردنەوەی بەهەدەرچوون".

زیادکردنی داهاتی دەوڵەت

بەگوێرەی بەرپرسانی نەینەوا، کەمکردنەوەی زیادەڕۆییەکان دەبێتەهۆی باشترکردنی کاتەکان و شێوازی دابەشکردنی کارەبا و زیادکردنی داهاتی دەوڵەت کە لە پەرەپێدانی ئەو کەرتەدا بەکاردەهێندرێتەوە.

یاسا و سزای سەرپێچیکاران

جیا لەوەش ئەنجوومەنی باڵای دادوەری سزای ئەو کەسانەی زیادەڕۆی دەکەنەسەر کارەبا بە سزای 1 ساڵ زیندانی تاوەکو 7 ساڵ زیندانی دیاریکردووە.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا