زیاتر لە 279 هەزار داواکاری بۆ زیادکردنی منداڵ بۆ سەر فۆرمی خۆراک پێشکەش کراون
دوای کاراکردنی پڕۆسەی زیادکردنی منداڵ بۆ سەر فۆرمی ئەلیکترۆنیی بەشەخۆراکی مانگانە، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 279 هەزار داواکاری پێشکەش کراون و لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا زیاتر لە 60 هەزار منداڵ بۆ سەر فۆرمی خێزانەکانیان زیاد کراون.
ئاماری گشتیی داواکارییەکان لە هەرێمی کوردستان
لەپاش کاراکردنی هەنگاوی زیادکردنی منداڵ بۆ سەر فۆرمی ئەلیکترۆنیی بەشەخۆراکی مانگانە، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 279 هەزار داواکاریی پێشکەش کراوە بۆ زیادکردنی منداڵ و لەو ژمارەیە 60 هەزار و 811 منداڵ بۆ سەر فۆرمی بەشەخۆراکی مانگانەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان زیاد کراون.
ژمارەی داواکارییە تۆمارکراوەکان تاوەکو 22ی حوزەیران
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەناڵ8 لەبارەی ئاماری داواکارییەکانەوە ڕایگەیاند، تاوەکو ڕێکەوتی 22ی حوزەیران 279 هەزار و 36 داواکاری بۆ زیادکردنی منداڵ بۆ سەر فۆرمی خۆراک پێشکەش کراوە.
دۆخی پڕۆسەکە لە پارێزگای هەولێر
نەوزاد شێخ کامیل لەبارەی دۆخی پڕۆسەکە لە هەولێر گوتی، لە هەولێر هەرچەندە زیاد لە هەفتەیەکە ئەو هەنگاوە لە سیستمی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک لەو سنوورە کاراکراوە، زیاتر لە 59 هەزار و 858 داواکاری پێشکەش کراوە و لەو ژمارەیەش 3 هەزار و 853 داواکاری قبوڵ کراوە و منداڵەکان زیاد کراون.
ڕێژەی پەسەندکردنی داواکارییەکان لە سلێمانی
لە پارێزگای سلێمانییش 115 هەزار و 550 داواکاری بۆ زیادکردنی منداڵ بۆ فۆرمی بەشەخۆراک پێشکەش کراوە و 12 هەزار و 579 داواکاری پەسەند کراوە و منداڵەکان زیاد کراون بۆ فۆرمی بەشەخۆراکی خێزانەکانیان.
تۆمارکردنی زۆرترین ڕێژەی زیادکردنی منداڵ لە دهۆک
لە دهۆکیش 95 هەزار و 648 داواکاری پێشکەش کراوە و زۆرترین بڕی منداڵی زیادکراو بۆ سەر فۆرمی بەشەخۆراکی خێزانەکانیان لەو پارێزگایە بووە، بەوپێیەی 41 هەزار و 153 داواکارییان قبوڵ کراوە و منداڵ زیاد کراوە.
ئاماری داواکارییە قبوڵکراو و ڕەتکراوەکان لە هەڵەبجە
لە هەڵەبجەش 7 هەزار و 980 داواکاری پێشکەش کراوە بۆ زیادکردنی منداڵ بۆ فۆرمی بەشەخۆراکی و لەو ژمارەیە 3 هەزار و 226 منداڵیان زیاد کراون بۆ سەر فۆرمی بەشەخۆراکییان و 86 داواکاریش ڕەت کراوەتەوە.
کۆی گشتیی سوودمەندانی فۆرمی خۆراک لە عێراق و هەرێم
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، 39 ملیۆن هاوڵاتی لە فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک تۆمار کراون و لە هەرێمی کوردستانیش 5 ملیۆن و 210 هەزار و 360 سوودمەند لە بەشەخۆراکدا هەن و بەم هەنگاوی زیادکردنی منداڵەش ژمارەی سوودمەندان زیاتر دەبن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا